Accessibility links

ئەسەسەرد: گەر تورکیا هەموو ئامانجەکانى لە باکورى سوریا پێکا، ئەوا بیر لە فراوانکردنى سیناریۆکە دەکاتەوە


فەرید ئەسەسەرد، بەرپرسى سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ستراتیژى یەکێتى، هۆکارى هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر باکورى سوریا (رۆژئاواى کوردستان) بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، کە سوریا لە قۆناغێکى هەستیاردایە و تورکیا دەیەوێت ڕۆڵى لەداهاتووى ئەو وڵاتەدا هەبێت.

لە گفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، فەرید ئەسەسەرد دەڵێت"قۆناغى ئێستاى سوریا، هەستیارترین قۆناغە، هەم بۆ کورد و هەم بۆ سوریا، چونکە لەم قۆناغەدا، چارەنوسى سوریاى ئایندە دیارى دەکرێت."

دەشڵێت" گەر کورد بە زەرەرمەندى لە هاوکێشەى ئێستاى سوریا دەربچێت، ئەوا ناتوانێت ئەو مافانە بەدەست بهێنێت، کە لە ساڵى 2011 ەوە خەباتى بۆ دەکات."

فەرید ئەسەسەرد، ئاماژەى بە کاتى هێرشەکەى تورکیا بۆ سەر باکورى سوریا کرد، پێیوایە تورکیا لە خۆڕا ئەم تەوقیتەى بۆ هێرشکردنە سەر رۆژهەڵاتى فورات هەڵنەبژاردووە،" تورکیا دەزانێت کێشەى سوریا بەرەو کۆتایى دەڕوات و لیژنەى دەستورى پێکهاتوە، بۆیە لەئێستاوە خۆى بۆ قۆناغى داهاتووى سوریا ئامادە دەکات."

ئەسەسەرد، پێیوایە"هێرشەکانى تورکیا هەنگاوى پێشوەختن، دەیەوێت پێش کۆتایى هاتنى کێشەى سوریا هەندێک دەستکەوت بەدەست بهێنێت، تا لەداهاتوودا مەرجەکانى بسەپێنێت."

بیانووى تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر باکورى سوریا، دروستکردنى ناوچەى ئارام و نەهێشتنى هەڕەشەى دەسەڵاتى کوردەکانە بۆ سەرى، بەڵام بەرپرسى سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ستراتیژى یەکێتى، ڕەتیکردەوە دەسەڵاتى کوردى لەباکورى سوریا هەڕەشە بێت بۆ سەر تورکیا، وتى"تورکیا دەزانێت سوریا لە قۆناغێکى مێژووییدایە، رەنگە ئەمساڵ یان ساڵى داهاتوو، کێشەى سوریا بەلایەکدا بکەوێت، دەیەوێت بە رۆیشتنە رۆژهەڵاتى فورات، لەداهاتوودا موساوەمە لەسەر رۆژئاواى فورات بکات کە گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانى نزیک لە خۆى تێیدان."

بەڕاى ئەسەسەرد، گەڕانەوەى سوریا بۆ کۆمکارى عەرەبى و پشتگیرى کردنى وڵاتانى عەرەبى لەرژێمى سوریا، لەگەڵ دەرچوونى ئەمەریکا لەو وڵاتە، بەواتاى نزیک بوونەوەى کۆتایى هاتنى قەیرانى سوریا دێن.

سەبارەت بە ڕۆڵى ئەمەریکا و روسیا لە هاوکێشەکانى سوریا، بەرپرسى سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ستراتیژى یەکێتى، روونیکردەوە ڕوسیا ڕۆڵێکى گەورەى هەیە، بەڵام دەیەوێت بەرژەوەندیەکانى لەگەڵ تورکیا و سوریاى داهاتووش لەبەرچاو بگرێت، بەڵام هێشتا بەرچاویشى ڕوون نیە،وتى"سیاسەتى دەرەوەى ئەمەریکا بە لۆژیک کارناکات و مەسەلەکان بەستراونەتەوە بە تێڕوانینى سەرۆکەوە، لەکاتێکدا سەرۆک لەدەستەبژێرى سیاسى ئەمەریکاوە نەهاتۆتە ناو سیاسەت، بەڵکو لەبزنسەوە هاتووە، بۆیە هیچ وڵاتێک بەقەد ئەمەریکا بەدەست بەتاڵى لەسوریا دەرنەچوو، لەکاتێکدا پارەیەکى زۆرى لەو وڵاتە خەرج کرد."

فەرید ئەسەسەرد لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا نیە، کە پێیوایە ڕووداوەکانى ئێستاى باکورى سوریا دەرئەنجامى رێککەوتنى نێوان سوریا و تورکیا بن،"دۆخەکە لە قازانجى رژێمى سوریایە، سوریا بێ شەڕ و بە ئاسانى گەڕایەوە ناوچە کوردیەکان، ئەوەى ئێستا ڕوودەدات، رژێمى سوریا خەونى پێوە دەبینى ، لەماوەى داهاتوودا ڕەنگە قازانجى زیاتریش بکات."

لەبەشێکى ترى قسەکانیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، فەرید ئەسەسەرد بەرپرسى سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ستراتیژى یەکێتى، باسى لە ڕۆڵى کورد و هێزەکانى سوریاى دیموکرات کرد لە سوریاى داهاتوودا، ئاماژەى بەوەکرد گەر فاکتەرى تورکى لەبەرچاو بگیرێت کە سوریا لەپێناو دەرچوونى هەموو شت دەکات، ئەوا کورد جگە لە مافى هاوڵاتى بوون، هیچى دەست ناکەوێت، جەختیکردەوە"بەڵام روسیەکان نەرمترن،وا بیر دەکەنەوە نابێت کورد بە دەست بەتاڵى لەمەسەلەکە بچێتە دەرەوە، چونکە پێیانوایە سوریاى داهاتوو، سوریایەکى لاواز دەبێت و پێویستى بە پشتیوانى سەرجەم گروپەکان بەکوردیشەوە دەبێت."

سەبارەت بە ڕۆڵى ئێرانیش، ئەسەسەرد وتى"ئێران ڕۆڵى هەبوو لە نەکەوتنى رژێمى ئێستاى سوریا، بۆیە ئەو رژێمە چاکەى ئێران و روسیاى لەیاد ناچێت، لەمەسەلەى ئاوەدانکردنەوە و هەنگاونان بۆ چاککردنى دۆخەکە، سوریا دەتوانێت سودمەند بێت لە تواناکانى ئێران و روسیا."

لەکۆتایى قسەکانیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، فەرید ئەسەسەرد ئاماژەى بەوەکرد گەر تورکیا هەموو ئامانجەکانى لە باکورى سوریا پێکا، ئەوا بیر لە فراوانکردنى سیناریۆکە دەکاتەوە، بەڵام بەجۆرێکى تر، چونکە عێراق لەدۆخى شەڕدا نیەو ناتوانرێت سنورى ببەزێنرێت، وتى"قەندیل و شەنگال ئامانجى تورکیان، رەنگە لە رێگەى فشارەوە بۆ سەر هەرێم و بەغدا، چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیە بدۆزێتەوە کە خۆى ناوى ناوە هەڕەشەى ئەمنى."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:15 0:00


XS
SM
MD
LG