Accessibility links

کۆمەڵەی سوریا: بەهۆی هێرشی ئاسمانی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا 16 چەکداری عێراقی سەر بە ئێران دەکوژێن


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر چەند شوێنێک لە ڕۆژهەڵاتی سوریا و لە ئاکامدا 16 چەکداری سەر بە ئێران کوژراون.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت هێرشەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ پـێنجشەممە کراونەتە سەر بارەگاکانی حزبوڵڵای عێراق لە دەوروبەری شاری مەیادین و بارەگایەکی حەشدی شەعبی عێراق لە باشوری شاری بوکەمال لە پارێزگای دێر ئەزور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا.

عەبدولڕەحمان گوتی بە لایەنی کەم 16 چەکدار کوژراون، لەوانە 7 چەکداریان لە حزبوڵڵای عێراق بوون. هەروەها 3 ئۆتۆمبیل تێکشکاون و کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی وێرانکراوە. گوتیشی لەو بڕوایەدان هێرشەکە لەلایەن فڕۆکەی ئیسرائیلیـیەوە ئەنجام درابێت.

کۆمەڵەکە لەسەر تویتەرەکەشی ڕاپـۆرتێکی بڵاوکردەوە، دەڵێت پـێشبینی دەکرێت ژمارەی کوژراوەکان زیاتربن بەو پـێـیەی هەندێک لە بریندارەکان برینەکانیان قورسە.

چەند کاتژمێرێک بەر لەو بۆردومانانە، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردبووە سەر فڕۆکەخانەی T4 ی لەشکری لە پارێزگای حومسی ناوەڕاستی وڵاتەکە.

ئاژانسی سانای حکومەتی سوریا ڕاگەیاندنێکی لەشکری وڵاتەکەی بڵاوکردەوە، دەڵێت لە کاتژمێر 10:23 ی شەوی ڕابردوو فڕۆکەی ئیسرائیلی موشەکی گرتووەتە فڕۆکەخانەی T4 و بەرگری ئاسمانی سوریا زۆربەی موشەکەکانی تێکشکاندووە. دەشڵێت هیچ زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانەکان مادی بوون.

چاودێران دەڵێن دیمەشق کە هەتا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی لەشکری لە بەرامبەر بۆردومانەکانی ئیسرائیل نەبووە، زۆر جار زیانەکانی ئاکامی بۆردومانەکانی ئیسرائیلی شاردووەتەوە.

ئیسرائیل کەم جار ئاماژە بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشانە دەکات، بەڵام بەردەوام هوشداری بە حکومەتی سوریا دەدات کە هەرگیز ڕێگە بە ئێران نەدات بوونی لەشکری بەردەوامی لە سوریادا هەبێت و چەکی پـێشکەوتوو ڕەوانەی حزبوڵڵای لوبنان بکات لە ڕێگەی سوریاوە.

XS
SM
MD
LG