کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا دوو پـردی سـتراتیژیـیان لە ناو سوریا وێرانکردووە کە لە لایەن داعشەوە بەکاردەهێنرێن.
ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە ڕۆژی هەینی بە ئاژانسی دەنگوباسی فەڕەنسای گوت هەردوو پـردەکە لەسەر ڕێگاکانی شاری بوکەمالی پارێزگای دێرزورن لەسەر سنووری عێراق لە نزیک پارێزگای ئەنبار.
گوتیشی پـێشـتر بەهۆی ئەو پـردانەوە داعش دەیتوانی بە چەند خولەکێـک لە بوکەمالەوە بگاتە ناو عێراق. ئێسـتاش هەرچەندە ڕێگای داعش بۆ عێراق بە تەواوی نەبڕاوە، بەڵام کاتی زیاتری بۆ ئەم مەبەستە دەوێت.
پەنتاگۆن لای خۆیەوە پشـتڕاستی کردەوە هێرشی ئاسمانیـیان لەو ناوچەیە ئەنجام دابێت. هەروەها گەورە کاربەدەسـتێـکی ئەمەریکاش گوتی تێکشکاندنی ئەو دوو پـردە کاریگەریـیەکی گەورەی بەسەر ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکاندا دەبێت کە لە ئێسـتادا لە پارێزگای ئەنبار بەڕێوەدەچن.
جێی وەبیرهێنانەوەیە لەوەتای مانگی حەوتی سـاڵی 2014 وە داعش دەسـتیگرتووە بەسەر شارۆچکەی بوکەمال و کردوویەتی بە یەکـێـک لە خاڵەکانی بەستنەوەی ناوچەکانی لە عێراق و سوریا کۆنترۆڵی کردوون.