Accessibility links

ڕوانگەی سوریا: 19 چەکداری سەر بە ئێران لە هێرشی ئاسمانی لە سوریا کوژراون


وێنەی ئەرشیف

ڕوانگەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەند شوێنێک لە ڕۆژهەڵاتی سوریا 19 چەکداری سەر بە ئێران کوژراون کە دووانیان فەرماندەن و پاکستانین.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ڕوانگە لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ئەلحوڕڕە گوتی هێرشەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ پـێنجشەممە کراونەتە سەر شوێنەکانی گروپی میلیشیای ناسراو بە لیوای زەینەبیون کە دەکەونە دەشتایـیەکانی جەلا و حەمدانی ڕۆژئاوای شاری بوکەمالی پارێزگای دێرزور.

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ڕەنگە ژمارەی کوژراوەکان بەرزببێتەوە بەهۆی بوونی کۆمەڵێک بریندار کە برینەکانیان قورسن.

گوتیشی هێشتا نازانن فڕۆکەکانی هێرشەکانیان ئەنجامداوە هی چ وڵاتێکن، بەڵام پـێدەچێت ئیسرائیلی بن. هەروەها گوتی لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ئیسرائیل بەلایەنی کەم 36 هێرشی ئەنجامداوە لە دژی ملیشیاکانی سەر بە ئێران لە سوریا. هەروەها 17 هێرشی دیکە ئەنجام دراون بەڵام هێشتا نازانرێت کێ ئەنجامی داون.

باسی لە هێزی زەینەبیون کرد، گوتی لە ژێر فەرمانی ئێرانیـیەکان لە سوریا کاردەکات و ڕۆڵێکی زۆری هەیە بە هاوشێوەی لیوای فاتمیونی ئەفغانی کە لە ژێر فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران کاردەکات.

ئیسرائیل بوونی هێزی ئێرانی لە سوریای دراوسێی بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر وڵاتەکەی دادەنێت و دەڵێت بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات ئێران هێزی لەشکری خۆی لەو وڵاتە جێگیربکات.

XS
SM
MD
LG