ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز دەڵێت سەرچاوەیەکی نزیک لە حکومەتی سوریا گوتویەتی هێزەکانی سەر بە حکومەت خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر پارێزگای ئیدلیب و ناوچەکانی دەوروبەری.
بەپـێی ڕۆیتەرز سەرچاوەکە کاربەدەستە لە هاوپەیمانێتی لایەنگری بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا و ئەمڕۆ پـێنجشەممە ئاشکرای کردووە کە هێرشەکە بە چەند قۆناغێک ئەنجام دەدرێت و لە سەرەتادا ناوچەکانی باشور و ڕۆژئاوای پارێزگاکە دەکرێنە ئامانج.
گوتوشیەتی لە چەند کاژمێری داهاتوو داڕشتنی پلانی ئۆپەراسیۆنەکە تەواودەکرێت، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکردووە کەی هێرشەکە دەسـتپـێدەکات.
هاوکات هەریەک لە ڕووسیا و تورکیا و ئێران لە بارەی ئەم هێرشە چاوەڕوانکراوەی سەر ئیدلیب لە وتووێژدان.
جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران شەوی چوارشەممە لە ئەنکەرە لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کۆبووەوە و بەپـێی میدیاکانی تورکیا کۆبوونەوەکە نزیکەی یەک کاژمێری خایاندووە و تیایدا باس لە بابەتە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات کراون و بە تایبەتی مەسەلەی سوریا. بەڵام هیچ بەیانـنامەیەک لە بارەی کۆبوونەوەکە ڕانەگەیەندرا.
ئەمڕۆش پـێنجشەممە، هەر لەم بارەیەوە سێرگێی شۆیگو وەزیری بەرگری ڕووسیا و هاوتا تورکەکەی خەڵوسی ئاکار پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە.
لە لایەکی دیکە ستافان دیمستورا نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەیرانی سوریا داوای کردووە شەڕ لە ئیدلیب ڕوونەدات، چونکە کاریگەری دەبێت بەسەر ملیۆنان کەسی سیڤیل. گوتوشەیەتی ڕەنگە هەردوو لایەنی شەڕەکە گازی کلۆری شەهراوی بەکاربهێنن.
باسی لەوەش کرد ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی بیانی لەو پارێزگایەی باکوری ڕۆژئاوای سوریادان، دەڵێت نزیکەی 10 هەزار تێرۆرستیان لە نێودایە.