Accessibility links

دوو هێزی سەرەکی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا لە ئیدلیب بە شەڕدێن و 14 کەس دەکوژرێن


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت شەڕی نێوان دوو بەهێزترین گروپی چەکداری ئۆپـۆزسیۆن لە پارێزگای ئیدلیب توندتربووە و لە ماوەی 24 کاژمێری ڕابردوو بە لایەنێـکی کەم 14 کەس بەهۆی ئەو شەڕانەوە کوژراون کە 3 کەسیان خەڵکی سیڤیل بوون.

شەڕەکە لە نێوان هەردوو گروپی ئیسلامی (هەیئەت تەحریر ئەلشام) و (حەرەکەت ئەحرار ئەلشام) هەڵگیرساوە.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت ئەمەی ئێستا ڕوودەدات قورسترین شەڕی نێوان ئەو دوو گروپەیە و سەرانسەری ناوچەکەی گرتووەتەوە، بە تایبەتی شارۆچکەی سەرمەدە و ناوچەکانی دەوروبەری هەردوو شارۆچکەی سەراقب و ئەلدانا. گوتیشی هەریەکەیان هەوڵ دەدات شوێن و بنکەی زیاتری گروپەکەی دیکە کۆنترۆڵبکات.

هەروەها کۆمەڵەکە لەسەر ماڵپەڕەکەی خۆی نووسیویەتی لە چەند گوندێـکی ئیدلیب خەڵکی دەسـتیانکردووە بە خۆپـیشاندان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر ئەم شەڕە و داوا لە هەردوو گروپەکە دەکەن ئەم شەڕەی نێوانیان ڕابگرن.

XS
SM
MD
LG