Accessibility links

داعش هێرش دەکاتە سەر ناوچەیەکی باشوری حەسەکە و لە ئاکامدا دەیان کەس گیانیان لەدەسـت دەدەن


چەکدارانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەیەکی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە باشوری پارێزگای حەسەکە لە نزیک سنوری عێراق و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 37 کەس گیانیان لەدەسـتداوە کە زۆربەیان خەڵکی سیڤیل بوون.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت هێرشەکە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە کرایە سەر ناوچەی ڕەجم ئەلسەڵیبی کە کەمپـێـکی خەڵکی ئاوارەی سوریایی و عێراقی لێـیە. دەشڵێت شەڕێـکی قورس لە ناوچەکە ڕوویداوە.

سامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت بە لایەنی کەم 5 خۆکوژی داعش لە دەرەوە و ناوەوەی کەمپی ئاوارەکان خۆیان تەقاندووەتەوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی هاوار دەڵێت ژمارەی قوربانیـیەکان گەیشتووەتە 37 کەس پاش ئەوەی 15 لە بریندارەکانی بەرەو نەخۆشخانەکان برابوون بەهۆی سەختی برینەکانیان گیانیان لەدەسـتدا. یەک لە قوربانیـیەکان کۆرپەیەکی تەمەن 3 مانگ بووە. هەروەها نزیکەی 30 کەسی دیکەش برینداربوون.

ئاژانسەکە دەشڵێت زۆربەی قوربانیـیەکان خەڵکی پارێزگای سەڵاحەدینی و شارۆچکەی بەعاجی عێراقن لەگەڵ خەڵکی پارێزگای دێرزوری سوریا.

ئەم هێرشەی داعش لە کاتێـکدایە کە لە شاری تەبقەی ڕۆژئاوای ڕەققە دووچاری شکستێـکی گەورە بووە و تەنها دوو گەڕەک و بەنداوی نزیک شارەکەی بەدەسـتەوە ماوەتەوە.

XS
SM
MD
LG