Accessibility links

تەقینەوەی بەهێز لە فڕۆکەخانەیەکی لەشکری حکومەتی سوریا ڕوودەدەن


چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە فڕۆکەخانەی لەشکری شاری حەمای ناوەڕاستی سوریا ڕوویانداوە و تەواوی ناوچەکەیان هەژاندووە و دوکەڵێکی چڕ ئاسمانی فڕۆکەخانەکەی گرتووەتەوە و هەروەها کوژراو و برینداریان لێکەوتووەتەوە.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت تەقینەوەکان پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە عەمباری چەک و تەقەمەنی و سووتەمەتی هێزەکانی ڕژێم لە فڕۆکەخانەکە بووە لە ئاکامی کێشەی تەکنیکی.

گوتیشی بە لایەنی کەم 11 کەس لە هێزەکانی ڕژێم کوژراون و بە دەیان کەسی دیکەیان برینداربوون. پـێشبینی کرد زیانە گیانیـیەکان زیاتربن بەهۆی هێشتا ژمارەیەک بێ سەروشوێنن.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حکومەتی سوریاش ئاماژەیان بۆ تەقینەوەکان کرد، بەڵام هیچ وردەکاری زیاتریان ڕانەگەیاند.

لە تۆڕکانی کۆمەڵایەتی چەندان وێنە و ڤیدیۆی تەقینەوەکان بڵاوکراونەتەوە کە نیشانی دەدەن چەندە بەهێزبوون.

XS
SM
MD
LG