Accessibility links

هێزەکانی سوریای دیموکرات زیاتر لە نیوەی شارۆچکەی هەجین لە داعش ڕزگاردەکەن


هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پشتیوانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا توانیویانە پـێشڕەویـیەکی زۆر بکەن لە ناو شارۆچکەی هەجینی ژێر دەستی داعش لە باشوری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ پـێنجشەممە ڕایگەیاند لەوەتای لە شەوی دووشەممەوە ئۆپەراسیۆنەکە بۆ ناو شارۆچکەکە دەسـتیپـێکردووە هەتا ئەمڕۆ زیاتر لە نیوەی هەجین کۆنترۆڵکراوە. دەشڵێت لە ماوەی 2 ڕۆژی ڕابردوو شەڕی قورس لەو ناوچەیە ڕوویانداوە و هاوپەیمانان و هێزەکانی سوریای دیموکرات شوێنەکانی داعشیان تۆپـبارانکردووە.

لە ئەنجامی شەڕی ئەم دوو ڕۆژە 34 چەکداری داعش کوژراون، لەوانە سینیان خۆکوژبوون. لە هێزەکانی سوریای دیموکراتیش 17 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە.

کۆمەڵەکە باس لەوەش دەکات لەوەتای لە 10 ی مانگی نۆوە ئۆپەراسیۆنەکان دەسـتیانپـێکردووە بۆ ڕزگارکردنی ئەو دوا ناوچەیەی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات لە داعش، 827 چەکداری داعش کوژراون و 481 شەڕڤان و 308 کەسی سیڤیل گیانیان لەدەستداوە.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری کۆمەڵەکە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوتووە هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕێگەیان بۆ خەڵکی سیڤیل کردووەتەوە و توانیویانە زیاتر لە هەزار کەسی سیڤیل کە زۆربەیان ژن و منداڵن لە شاری هەجین ڕزگاربکەن.

هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانان مەزەندەدەکەن نزیکەی 2 هەزار داعش لەو ناوچەیە هەبن و زۆربەیان عەرەبی وڵاتانی دیکە و بیانی بن.

XS
SM
MD
LG