Accessibility links

کۆمەڵەی سوریا: بە بۆردومانێـکی موشەکی هێزەکانی حکومەت 40 کەس لە نزیک دیمەشق دەکوژرێن


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت هێزەکانی حکومەتی وڵاتەکەیان بە موشەک بۆردومانی ناوچەیەکی قەرەباڵغی دانیشـتوانیان لە نزیک پایتەخت کردووە و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 40 کەس کوژراون.

کۆمەڵەکە ئەمڕۆ هەینی هەواڵەکەی ڕاگەیاند و گوتی هێزەکانی حکومەت زیاتر لە 12 موشەکیان گرتووەتە بازاڕێـکی ناوچەی دوما لە غوتەی شەرقی نزیک دیمەشق و جگە لەو ژمارە کوژراوە زیاتر لە 100 کەسی دیکە برینداربوون. ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە برینی ژمارەیەکیان قورسە، بۆیە ڕەنگە ژمارەی کوژراوان زیاتر ببێت.

حکومەتی سوریا هێشـتا هیچی لە بارەی هێرشەکەوە ڕانەگەیاندووە.

جێی ئاماژەیە ئەو ناوچەیە لە ژێر دەسـتی ئۆپـۆزسیۆنی سوریایە و بەردەوام لە دەوروبەری شەڕ و پـێکدادان لە نێوان چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆن و هێزەکانی حکومەت ڕوو دەدەن. هەروەها بەردەوامیش حکومەت بۆردومانی دەکات و چەندان جار ژمارەی زۆری خەڵکی سـیڤیل بەهۆیەوە بوونەتە قوربانی. مانگی هەشت لەشکری سوریا بۆردومانی بازاڕێـکی لەوێ کرد و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 112 کەس کوژران.

لەوەتای سـاڵی 2011 وە کە شەڕی ناوخۆی سوریا هەڵگیرساوە نزیکەی 250 هەزار کەس لەو وڵاتە کوژراون.

XS
SM
MD
LG