Accessibility links

حکومەتی سوریا دەڵێت هێزی ئەڵمانی و فەڕەنسایی لە باکوری وڵاتەکەی هەن


حکومەتی سوریا دەڵێت هێزی تایبەتی ئەڵمانی و فەڕەنسایی و ئەمەریکایی لە باکوری وڵاتەکەی هەن، بەڵام ئەڵمانیا ئەم ئیدیعایە ڕەتدەکاتەوە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی فەرمی سوریا ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایانگەیاند حکومەتی وڵاتەکەیان بە توندی بوونی هێزی ئەڵمانی و فەڕەنسایی لە هەردوو ناوچەی مەنبج و کۆبانی شەرمەزاردەکات.

ئاژانسی سانای حکومەتی سوریا بەیانـنامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی بڵاوکردەوە کە تیایدا بوونی ئەو هێزانە لە سوریا بە دوژمنکاریـیەکی ئاشکرا و بێ پاساو بۆ سەر سەروەری و سەربەخۆیی وڵاتەکەی ناودێرکرد.

وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا لای خۆیەوە ڕەتیکردەوە هێزی تایبەتی وڵاتەکەی لە باکوری سوریا هەبن و گوتی ئەم ئیدیعایە بە هیچ شێوەیەک ڕاست نیـیە.

پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە کۆبانی (مەحمود بالی) دەڵێت هیچ هێزێـکی ئەڵمانی نەدیووە، بەڵام پشـتڕاستی کردەوە کە هێزی فەڕەنسایی لە ناوچەکە هەن.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ کە پەیوەندی بە تۆڕێـکی گەورەی چالاکوانان لە ناو سوریا هەیە، ڕایگەیاند هێزی تایبەتی فەڕەنسا بنکەیەک بۆخۆیان لە کۆبانی بینادەکەن.

هەروەها کۆمەڵەکە دەڵێت ڕاوێژکاری لەشکری ئەمەریکایی و فەڕەنسایی و ئەڵمانی هەن لەگەڵ هێزی تایبەتی ئەمەریکایی لە باکوری سوریا و پاڵپشـتی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن، بەڵام بەشداری لە هێڵی پـێشەوەی شەڕەکاندا ناکەن.

وەزیری بەرگری فەڕەنساش هەفتەی ڕابردوو گوتی هێزی تایبەتی وڵاتەکەی لە سوریادان بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە هەڵمەتی ڕزگارکردنی شاری مەنبج لە داعش.

جێی ئاماژەیە ماوەی دوو هەفتەیە هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەنجومەنی لەشکری مەنبج بە پاڵپشـتی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانانی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا هەڵمەتێـکیان بۆ ڕزگارکردنی شاری مەنبج و ناوچەکانی دەوروبەریان دەسـتپێـکردووە و لە ئێسـتادا گەمارۆی تەواوی شاری مەنبجیان داوە.

XS
SM
MD
LG