Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: هەردوو شاندی حکومەت و ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەشداری وتووێژەکانی جنێڤ دەکەن


نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت هەردوو شاندی حکومەت و ئۆپـۆزسیۆنی سوریا بەڵێنیان داوە ئامادەی وتووێژەکانی ڕۆژی پـێنجشەممەی جنێڤ بن بە مەبەستی دەسـتپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی ئاشتی، هەرچەندە لەم ڕۆژانەی ڕابردوو شەڕ و پـێکدادان لە ڕۆژهەڵاتی دیمەشق ڕوویانداوە.

خانم ئەلیساندرا ڤێلـلوچی گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ سێشەممە بۆ ڕۆژنامەوانانی ڕایگەیاند، هەموو ئەوانەی ئامادەی دانوستاندنەکانی مانگی دووی ئەمساڵ بوون جەختیان کردووەتەوە بەشداری لە دانوستاندنەکان دەکەن.

گوتیشی لە ئێستادا ستافان دیمستورا نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا بەر لەوەی بگەڕێتەوە بۆ جنێڤ بۆ سەرپەرشتیکردنی دانوستاندنەکان، سەردانی هێزە سەرەکیـیەکانی پەیوەست بە شەڕی ناوخۆی سوریا دەکات، لەوانە عەرەبستانی سعودیـیە و ڕووسیا و تورکیا.

ئەلیساندرا وتیشی لەم کاتەی دیمستورا وتووێژەکانی تەواودەکات، عزەدین ڕەمزی جێگری نێردراوی تایبەت لە 23 ی ئەم مانگە لەگەڵ هەردوو لایەن کۆدەبێتەوە.

بەشداری هەموو گروپە یاخیبووەکان لە کۆبوونەوەکانی داهاتوو ڕەنگە ببێتە مایەی بەرەوپـێشچوونی وتووێژەکان، پاش ئەوەی هەندێک لە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن ڕەتیانکردەوە بەشداری لە وتووێژەکانی هەفتەی ڕابردووی کازاخستان بکەن، وەک دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر پـێشێلکردنی ئاگربەست لە لایەن ڕژێمی سوریاوە.

کاربەدەستان دەڵێن ئامانج لە سازکردنی وتووێژەکانی ئەستانەی پایتەختی کازاخستان، جێگرکردنی ئاگربەستەکە بووە بە مەبەستی زەمینەسازی بۆ دانوستاندنەکانی بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەدەچن.

XS
SM
MD
LG