وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان ئەمڕۆ وتی وڵاتەکەی وەڵامدەداتەوە ئەگەر بێتوو بسەلمێنرێت چەکی کیمیایی بەکارهاتووە لە سوریادا و بۆتە هۆی کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی.
وڵاتانی ڕۆژئاوا و کارمەندانی فریاگوزاری دەڵێن لە ماوەی چەند هەفتەیەکی ڕابردوودا سوریا چەند جارێک گازی کلۆری وەکو چەک بەکارهێناوە لە ناوچەی غوتەی ڕۆژهەڵاتدا، حکومەتی سوریاش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ئانیس ڤۆن دێر مۆڵ وتی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی ئاماژە بەوە دەدەن کە دیمەشق ئەو بەڵێنانەی نەبردۆتە سەر کە لە ساڵی 2013 دا دابووی بۆ لەناوبردنی هەموو کۆگاکانی چەکی کیمیایی، هەروەها یاسا نێودەوڵەتییەکانیش جێبەجێ ناکات کە چەکی کیمیایی قەدەغە دەکەن.