داعش گەنجانی پارێزگای دیر زوری سوریای ناچارکردووە بە زۆرە ملێ ببنە چەکداری تاوەکو بۆ بەرەکانی شەڕیان ڕاپـێچ بکات، ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەی چەکدارانی زۆر کەمبووەتەوە بەهۆی ئەو شکستە گەورانەی دووچاری بووە.
کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ بنکە لە بەریتانیا کە پەیوەندی بە توڕێـکی گەورەی چالاکوانان لە سوریا هەیە، دەڵێت داعش لە دێر زور، ئەوەی بە "ویلایەتی خێر" ناودێری دەکات بڕیاری داوە هەرچی گەنج ئەو پارێزگایەیە ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 30 ساڵە دەبێت لە ماوەی هەفتەیەک پەیوەندی بە بنکەکانی داعشەوە بکەن لە ناوچەکانی مەیادین، عەشارە، ئەلقوریە، ئەلتبنی، ئەلخەزرا، ئەلبولێل، سبێخان و بقرس. دەشڵێت هەر گەنجێـکیش پەیوەندی نەکات ئەوا سزادەدرێت.
کۆمەڵەکە دەشڵێت لەوەتای 17 ی مانگی حەوتەوە هەتا ئەمڕۆ هەینی، تەنها لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی حکومەتی سوریا بۆ سەر داعش لە بیابانەکانی دێر زور و باشوری ڕەققە زیاتر لە 233 چەکداری داعش کوژراون.