کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت هێزەکانی حکومەتی سوریا بە پاڵپشـتی ڕووسیا بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی پارێزگای دەرعا لە باشوری ڕۆژئاوای وڵاتەکە.
کۆمەڵەکە لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی ئەمڕۆ پـێنجشەممە 24 کەسی سیڤیل بەهۆی تۆپـباران و بۆردومان و هێرشی موشەکی لە دەرعا گیانیان لەدەستداوە. دەڵێت لە نێو قوربانیـیەکان 10 منداڵ و 4 ژن هەن.
بەمەش ژمارەی قوربانیـیانی خەڵکی سیڤیل گەیشتووەتە بە لایەنی کەم 71 کەس لەوەتای لە 19 ی ئەم مانگی شەشەوە هێرشەکان بۆ سەر دەرعا دەسـتیانپـێکردووە.
پاشان کۆمەڵەکە نووسیویەتی هێزەکانی حکومەت توانیویانە شارۆچکەکانی بەسر ئەلحەریر و ملیحە ئەلعەتەش و ملیحەی ڕۆژهەڵات و ملیحەی ڕۆژئاوا کۆنترۆڵ بکەن و ئێستا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی شارۆچکەی ئەلحراک و گوندەکانی دەوروبەری دەدەن.
هاوکات بە دەیان هەزار کەس لە خەڵکی سیڤیلی ناوچەکە دووچاری ئاوارەیی بوون و ڕوویانکردووەتە سنوورەکانی وڵاتەکەیان لەگەڵ ئوردن.