Accessibility links

بەهۆی تەقینەوەی ئوتومبێلێکەوە لە دیمەشق کەسێکی نزیک لە ئێران دەکوژرێت؛ دوو ئەندامی حیزبوڵڵای لوبنانیش بە دڕۆن دەکوژرێن


دەزگای ڕاگەیاندنی سوریا دەڵێت بەهۆی تەقینەوەی ئوتومبێلێکەوە کە بە بۆمب چێندرابوو لە ڕۆژئاوای دیمەشقی پایتەختی سوریا کە چەندین نێردەی دیپلۆماتی لێیە، کەسێک کوژراوە و زیانی ماددیشی لێکەوتووەتەوە.

گەڕەکی مازەی دیمەشق کونسوڵخانەی ئێرانی لێیە کە مانگی ڕابردوو لە هێرشێکی ئاسمانیدا کە خرایە پاڵ ئیسڕائیل لە ناوچوو. هێرشەکە لەو کاتەدا بووە هۆی کوژرانی حەوت کەس، دوو جەنەڕاڵی ئێرانی و ئەندامێکی گروپی چەکداریی حزبوڵای لوبنانیش لە نێو کوژراوەکاندا بوون. هەر ئەو هێرشەش بووە هۆی ئەوەی ئێران بۆ یەکەمین جار ڕاستەوخۆ هێرشێکی ئاسمانی بکاتە سەر ئیسڕائیل.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین هێرشی ئاسمانی کراونەتە سەر ئەو گەڕەکە، زۆربەی هێرشەکان بەرپرسانی ئێرانییان کردووەتە ئامانج.

دەزگای هەواڵی سانای سوریا باسی لەوە نەکرد ئەو کەسە کێ بووە کە کوژراوە، بەڵام وتی تەقینەوەکە بووەتە هۆی سوتانی دوو ئوتومبێلی دیکەش.

ڕامی عەبدوڕەحمانی بەڕێوبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەڕیتانیایە و چاودێری ململانێکانی ناو سوریا دەکات، وتی ئەو پیاوەی کە لە تەقینەوەکەدا کوژراوە دانیشتوویەکی گەڕەکی مازە بووە و بەپێی ناسنامەکەی ئەفسەرێکی سوپای سوریا بووە. عەبدوڕەحمان وتی پیاوە کوژراوەکە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئێرانییەکاندا هەبووە.

ڕوانگە و کەناڵی پان عەرەبی بەیروت وتییان چەند کاتژمێرێک دوای تەقینەوەکە لە دیمەشق، دڕۆنێکی ئیسڕائیل گوایە لە دەرەوەی شارۆچکەی قوسەیری ڕۆژئاوای سوریا ئوتومبێلێک و بارهەڵگرێکی کردووەتە ئامانج، ناوچەکە دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای دیمەشقەوە و نزیک سنووری لوبنانە.

هێرشەکە لە دوو ئوتومبێلی داوە لە نزیک بنکەی ئاسمانی دەبا. لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا قوسەیر و ناوچەکانی دەوروبەری چەندین جار لەلایەن دڕۆنەکانی ئیسڕائیلەوە، کە چەکدارانی حزبوڵا دەکەنە ئامانج، هێرشییان کراوەتە سەر. چەکدارانی حزبوڵا دەوترێت بوونیان لەو ناوچەیەدا هەیە.

کەناڵی ئەل مەیادین لە بەیروت ئاماژەی بەوە نەدا کە ئایا لەو هێرشەدا کەس کوژراوە یاخود نا، بەڵام ڕوانگە وتی دوو ئەندامی حزبوڵا کوژراون و چەندین ئەندامی دیکە بریندار بوون.

لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە لە غەززە، کە بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە لە 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل هەڵگیرسا، حزبوڵای لوبنان و هێزەکانی ئیسڕائیل ڕۆژانە لەسەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکە تەقەیان لە یەکتر کردووە. لەو کاتەوە زیاتر لە 400 کەس لە لوبنان کوژراون کە زۆربەیان چەکداری حزبوڵا بوون، زیاتر لە 70 هاووڵاتی سڤیلیش کوژراون، ئەوەش بەپێی داتاکانی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس.

هاوکات ئیسڕائیل دەڵێت بەهۆی ئەو هێرشانەوە لانیکەم 15 سەرباز و 10 هاووڵاتی سڤیل کوژراون.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیل 1200 کەسییان کوشتووە کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. هەروەها نزیکەی 250 کەسیشییان بە بارمتە گرت، ئیسڕائیلیش لە وەڵامدا هەڵمەتێکی سەربازیی لە کەرتی غەززە دەستپێکرد و ڕایگەیاند ئامانج لێی لە ناوبردنی چەکدارانی حەماسە لە غەززەدا.

بەرپرسانی تەندروستی غەززەش دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 35,000 فەلەستینی کوژراون، دەشڵێن زۆربەی کوژراوەکان ژن و منداڵ بوون.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG