Accessibility links

برێت مەکگورک ڕەخنەی توند لە سەرۆک ترامپ دەگرێت


نوێنەری پـێشووی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ شەڕی داعش ناڕەزایی خۆی دەربڕی بەرامبەر بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ بۆ کشانەوە لە ناوچە سنووریـیەکانی سوریا لەگەڵ تورکیا.

برێت مەکگورک ئەمڕۆ دووشەممە لە تویتەرەکەی نووسیویەتی" دانۆڵد ترامپ فەرماندەی باڵا نیـیە. بڕیاری سەرەڕۆیانە دەدات بەبێ ئەوەی زانیاری هەبێت یان تاووتوێی مەسەلەکە بکات. ئەندامانی لەشکر ڕەوانەی شوێنی مەترسیدار دەکات بەبێ ئەوەی پاڵپشتیان بکات. لەپـڕ هەڵدەچێت و هاوپەیمانانمان جێدەهێڵێت کاتێک نەیاران فریوی دەدەن یان کە ڕووبەڕووی پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنی توند دەبێتەوە."

پاشان نووسیویەتی"بە کورتی و پـوختی: ترامپ ئەمشەو لە پاش پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڕێبەرێکی بیانی دیاریـیەکی بەخشیـیە ڕووسیا، ئێران و داعش. شایەنی باسە، لێرە لە پەیوەندیـیەکانی دەرەوە هۆشداریم لەم بارەیەوە دابوو و پـێشنیاری ئەڵتەرناتیڤم کرد بە لەبەرچاوگرتنی ڕاستیـیەکان لەسەر ئەرزی واقیع و لەم کۆشکی سپـیەشدا."

شەوی ڕابردوو سکرتاریـیەتی ڕاگەیاندنی کۆشکی سپـی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی:

"ئەمڕۆ سەرۆک دانۆڵد ترامپ بە ڕێگەی تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کرد. بەم زووانە تورکیا بەرەو پـێشەوە هەنگاو دەنێت لە پـلانە لە مێژینەکەی بۆ باکوری سوریا. هێزەکانی ئەمەریکا پشتیوانی یان بەشداری ئۆپەراسیۆنەکە ناکەن، وە هێزەکانی ئەمەریکا لە پاش ئەوەی خەلافەتی داعشیان نەهێشت، چیتر لەو ناوچەیە نابن.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا فشاری خستە سەر فەڕەنسا و ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا ئەوانەی ژمارەیەکی زۆری چەکدارانی داعشیان لێ هاتبوو و بەدیل گیران، تاوەکو وەریانبگرنەوە، بەڵام ڕەتیانکردەوە. چیتر ئەمەریکا لای خۆی دەستگیریان ناکات کە ڕەنگە چەندان ساڵی درێژەبکێشێت و زۆر لەسەر باجدەرانی ئەمەریکایی بکەوێت. ئیدی تورکیا لە ئێستاوە بەرپـرسە لە هەموو چەکدارانی داعش لە ناوچەکە، ئەوانەی لە ماوەی 2 ساڵی ڕابردوو دەستگیرکران لە میانەی شکستهێنان بە خەلافەتی داعش لەلایەن ئەمەریکاوە."

بەڵام برێت مەکگورک دەڵێت دانۆڵد ترامپ زانیاری نیـیە کە چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش لای هێزەکانی سوریای دیموکراتن، نەک هێزەکانی ئەمەریکا.

XS
SM
MD
LG