Accessibility links

خولێکی نوێی دانوستاندن لە نێوان حکومەت و ئۆپـۆزسیۆنی سوریا دەستپـێدەکات


کاربەدەستانی کازاخستان ڕایانگەیاند خولێکی دیکەی وتووێژەکان لە نێوان حکومەت و ئۆپـۆزسیۆنی سوریا لە وڵاتەکەیان دەسـتپـێکردووە و بڕیارە تیایدا سەنگی بخرێتە سەر ڕەوشی مرۆیی خەڵکی سوریا.

وەزارەتی دەرەوەی کازاخستان گوتی وتووێژەکان ئەمڕۆ دووشەممە لە ئەستانەی پایتەخت لە پشت دەرگای داخراوەوە دەسـتیانپـێکرد و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبن و ڕۆژی سێشەممە ڕاگەیاندنێـکی ڕۆژنامەوانی لە بارەیەوە بڵاودەکرێتەوە.

ئەمە حەوتەیەمین خولی دانوستاندنی نێوان حکومەت و ئۆپـۆزسیۆنی سوریایە کە لە لایەن ڕووسیا و ئێران و تورکیاوە ڕێک‌دەخرێن. هەتا ئێستا توانیویانە لە 4 ناوچەی سوریا گرژیـیەکان هێوربکەنەوە. ناوچەکان کەوتوونەتە هەردوو پارێزگای ئیدلیب و حومس و غوتەی شەرقی نزیک دیمەشقی پایتەخت و باشوری سوریا.

لە وتووێژەکانی ئەستانە پـرسە لەشکری و تەکنیـکیـیەکان دەخرێنە بەرباس و هاوکات لە جنێڤی سویسراش وتووێژی سیاسی دەکرێن. ئامانجی وتووێژەکان کۆتایی‌هێنانە بە مەینەتیـیەکانی خەڵکی سوریا کە بۆ ماوەی شەش ساڵە بەدەست شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەیانەوە دەناڵێنن.

ڕێکخراوی یونیسێفی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم مانگە ڕایگەیاند لە ناوچەی غوتەی شەرقی کە لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە گەمارۆدراوە زیاتر لە 1100 منداڵ دووچاری کەم خۆراکی بوون.

بڕیارە لە 28 ی مانگی یازدە خولێـگی نوێی دانوستاندن بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ سازبکرێت.

XS
SM
MD
LG