Accessibility links

ئۆپـۆزسیۆنی سوریا بەشداریکردنی لە وتووێژەکانی ئەستانە ڕادەگرێت


ئۆپـۆزسیۆنی سوریا دەڵێت بەشداریکردنی لە وتووێژەکانی ئاشتی ئەستانەی پایتەختی کازاخستان هەڵپەساردووە، ئەمەش وەک ناڕەزایـیەک بەرامبەر بەردەوامبوونی هێزەکانی حکومەت لە بۆردومانکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپـۆزسیۆن.

خولی چوارەمی دانوسـتاندنەکان ئەمڕۆ چوارشەممە لە ئەستانە دەسـتیانپـێکرد بە سەرپەرشتی مۆسکۆ و تاران و ئەنکەرە و بە بەشداری ستافان دیمستورا نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەیرانی سوریا، بەڵام زۆری نەبرد و وتووێژەکان ڕاگیران.

سەرچاوەیەک لە نێو شاندی ئۆپـۆزسیۆن بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی ڕاگەیاند بەهۆی بۆردومانی توندی هێزەکانی حکومەت بۆ سەر خەڵکی سیڤیل، ئۆپـۆزسیۆن بڕیاری دا بەشداریکردنەکەی ڕابگرێت هەتا بۆردومانکردن لە تەواوی سوریا ڕادەگیرێت.

باسی لەوەش کرد بۆردومانەکان بە بەشداری ڕووسیا ئەنجام دەدرێن کە یەکێـکە لەوانەی واژوی لەسەر ڕێکەوتنـنامەی ئاگربەستەکە کردووە، ئەوەی لە مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو پـێی گەیشتن و چووە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.

بەڵام سەرچاویەکی نزیک لە وتووێژەکان بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت شاندی ئۆپـۆزسیۆن لە بینای کۆبوونەوەکان ماونەتەوە و کاربەدەسـتێـک لە وەزارەتی دەرەوەی کازاخستان بە ڕۆژنامەوانانی گوت چاوەڕوان‌دەکرێت سبەی پـێنجشەممە شاندی ئۆپـۆزسیۆن بۆ سەر مێزی وتووێژەکان بگەڕێنەوە.

جێی ئاماژەیە دوێنێ سێشەممە سەرۆک ترامپ و ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا لە ڕێگەی تەلەفونەوە لە بارەی سوریا وتووێژیان کرد و بەپـێی کۆشکی سپی و کرێملین هەردوو سەرۆک کۆکبوون لەسەر جێگیرکردنی ئاگربەستەکە و دامەزراندنی ناوچەی پارێزراو بۆ ئاوارەکان.

کۆشکی سپی گوتی ئەمەریکا نوێنەرێـکی خۆی بۆ وتووێژەکانی ئەستانە ڕەوانە دەکات. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی ستیوارت جۆنز بریکاری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە وەک چاودێر ئامادەی وتووێژەکان دەبێت.

XS
SM
MD
LG