Accessibility links

بەشار ئەلئەسەد: شەڕ لەگەڵ تورکیادا تەواو نەبووە


سەرۆکی سوریا پەیمان دەدات بۆ شکستپێهێنانی ئۆپزسیۆنی وڵاتەکەی و هەروەهاش دەستبەسەرداگرتنەوەی تەواوی ئەو ناوچانەی لەژێردەستی گروپە چەکدارەکاندایە.

بەشار ئەلئەسەد لە وتارەکەی ڕۆژی دووشەممەیدا وەک دەڵێت هێزە سەربازییەکانی حکومەت سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە "حەڵەب براوەیە، هەروەها سوریا براوەیە، هەر هەموومان سەرکەوتووین بەسەر ئەو ترسەی دەیانویست لە دڵماندا بیچێنن، سەرکەوتوین بەسەر ئەو بیرۆکە نادروستانەی دەیانویست لە هزرماندا بیچێنن. سەرکەوتین بەسەر دابەشبوون و ڕق و کینە و خیانەتدا، بەسەر هەر هەموو ئەوانەی نوێنەرایەتی و هەڵگر و جێبەجێکاری ئەو شتانەن."

ئەم وتارەی سەرۆکی سوریا هاوکات بووە لەگەڵ شەڕە قورسەکانی لە پارێزگای ئیدلب بەڕێوەدەچن.
ڕۆژی یەکشەممە هێزە سەربازییەکانی حکومەتی سوریا دەستیانگرتەوە بەسەر ڕێگەی سەرەکی ئێم 5 دا کە دیمەشقی پایتەخت دەبەستێتەوە بە شاری حەڵەبەوە.

ئەسەد لە وتارەکەیدا دان دەنێت بەوەی لە ئیدلب هێشتا شەڕ لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی تورکیادا تەواو نەبووە کە پشتیوانی لە گروپەکانی دژە حکومەتی سوریا دەکەن.

ئەسەد دەڵێت " شەڕی ئازادکردنی گوندەکانی ئیدلب و حەڵەب بەردەوامن وێڕای هەندێک لەو دەنگە بڵقیە بۆشانەی لە باکورەوە دێن، هەروەها شەڕی ئازادکردنی خاکی سوریا و لەناوبردنی تێرۆریزم و گەیشتن بە سەقامگیری بەردەوامە."

بەشار ئەلئەسەد و ڤلادمیر پوتن
بەشار ئەلئەسەد و ڤلادمیر پوتن

لەم هێرشانەدا بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی پارێزگای ئیدلب، هێزەکانی حکومەتی سوریا دەستیان لە خەڵکی سیڤیلیش نەپاراستووە.

عەلی ئەبو وەلید، دانیشتویەکی ناوچەکەیە، دەڵێت لەوەتای شەڕ دەستیپێکردووە نزیکەی 20 جار ئاوارەبوون و دەشڵێت "هەر لەم یەک دوو ڕۆژەی ڕابردوودا لەناو ئەم ئۆردوگایەدا بۆردومان کراوین، کوژراو هەیە، ئێستاش تەواوی ئۆردوگاکە چۆڵکراوە و نازانین ڕوو لە کوێ بکەین."

نزیکەی 3 ملیۆن پەنابەری سوریایی چوونەتە ناو تورکیاوە و ئانکەرەش دەڵێت ناتوانێت پەنابەری زیاتر وەربگرێت.

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت قسەی لەگەڵ هاوشانە ڕوسیاییەکەیدا کردووە و وتوویەتی دەبێت ئەو هێرشانە بۆسەر ئیدلب ڕابگیرێن.

هیوایەکی کەم هەیە بەشار ئەلئەسەد ئەو هێرشانە ڕابگرێت چونکە هێشتاش هێزی ئاسمانی ڕوسیا و میلیشیاکانی ئێرانیش پشتیوانی لێدەکەن.

بەشار ئەلئەسەد و ئایەتوڵا عەلی خامنەئی
بەشار ئەلئەسەد و ئایەتوڵا عەلی خامنەئی

ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیا هێزی لەسەر سنوری سوریا کۆکردۆتەوە و هەڕەشەی کردەیەکی لەشکری دەکات ئەگەر بێتوو هێزە سەربازیەکانی سوریا نەکشێنەوە.

مۆسکۆ لۆمەی ئەو شەڕە لە ئەستۆی تورکیا دەنێت و دەڵێت ئانکەرە ڕێککەوتنەی ساڵی 2019 ی سوچی پێشێلکردووە.

ئیدلب دوا شوێنی سەرەکی سەرهەڵداوانە لە سوریادا و بەشار ئەلئەسەد سوورە لەسەر کۆنترۆڵکردنەوەی.

XS
SM
MD
LG