Accessibility links

بەشار ئەسەد: ئامادەین دانوستاندن لە بارەی هەموو شتێـکەوە بکەین


سەرۆکی سوریا دەڵێت حکومەتەکەی ئامادەیە لەو وتووێژانەی ئاشتی، ئەوانەی بڕیارن لە ئەستانەی پایتەختی کازاخستان بەڕێوەبچن، دانوستاندن لە بارەی هەموو شتێـکەوە بکات.

لە چاوپـێکەوتنێـکیدا لەگەڵ چەند میدیایەکی فەڕەنسی کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوکرایەوە، بەشار ئەسەد پـرسیاری لێکرا ئایە لە وتووێژەکاندا قسە لەسەر پـۆستی سەرۆکایەتیـیەکەی دەکرێت؟. ئەویش لە وەڵامدا گوتی ئامادەین دانوستاندن لەسەر هەموو شتێـک بکەین.

بەڵام پاشان گوتی پـۆستەکەی پەیوەستە بە دەسـتورەوە و دەستور بە ڕوون و ئاشکرایی چۆنیەتی وەرگرتنی پـۆستی سەرۆکایەتی و جێهێشتنی دەستنیشانیکردووە، بۆیە ئەگەر دەیانەوێت وتووێژ لە بارەی ئەم خاڵەوە بکەن، دەبێت قسە لەسەر دەسـتور بکرێت و گۆڕینی دەستوریش پـێویستە ڕیفراندۆمی بۆ سازبکرێت. گوتیشی هەڵبژاردنی سەرۆک ئەرکی خەڵکی سوریایە.

جەختی لەوەش کردەوە هەر کاتێـک شوێن و کاتی دانوستاندنەکانی ئەستانە دەسـتنیشانکرا، ئەوا شاندی حکومەت ئامادەیە بڕوات بەشداری بکات. بەڵام گوتی نازانن لایەنی بەرامبەریان لە دانوستاندنەکاندا کێ دەبێت.

باسی لەوەش کرد سەرکەوتنی دانوستاندنەکان دەوەستێتە سەر شاندی ئۆپـۆزسیۆن و بە گوتەی خۆی ئایا شاندی ئۆپـۆزسیۆنی ڕاستەقینە دەبێت کە بنکەیەکی جەماوەری سوری هەبێت یان ئەوانەی بنکەکانیان لە سعودیـیە و فەڕەنسا و بەریتانیایە.

XS
SM
MD
LG