ئۆفیسی سەرۆکایەتی سوریا ڕایگەیاند سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد لەگەڵ فەرمانڕەوای دوبەی شێخ محەمەد بن ڕەشید ئال مەکتوم لە دوبەی کۆبۆتەوە، ئەمەش یەکەمین سەردانی ئەسەدە بۆ وڵاتێکی عەرەبی لە دوای دەستپێکردنی شەڕی سوریاوە لە ساڵی 2011 دا.
دەزگای هەواڵی وامی ئیمارات ئاماژەی بەوەدا ئەسەد لەگەڵ شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی شێخ محەمەد بن زاید نەهیانیشدا کۆبۆتەوە.
دەزگای هەواڵی وام وتی دوو ڕابەرەکە تاوتوێی کۆمەڵێک نیگەرانی هاوبەشییان کردووە و جەختیان لە پاراستنی سەروەری خاکی سوریا و کشانەوەی هێزە بیانییەکان کردووە لەو وڵاتەدا. هاوکات باس لە پشتیوانییە مرۆیی و سیاسییەکان کراوە بۆ سوریا و گەلەکەی تاوەکو بگەن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی وڵاتەکە بوونەتەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە نوێترین هەوڵە دیبلۆماتییەکانە کە تیشک دەخەنە سەر ڕوودانی گۆڕانکارییەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەکاتێکدا کۆمەڵێک وڵاتی عەرەبی هەوڵ دەدەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەشار ئەسەددا زیندووبکەنەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز