Accessibility links

بەشار ئەسەد: بە مەرج پـێشوازی لە هێزەکانی ئەمەریکا دەکەین بۆ شەڕی داعش


سەرۆکی سوریا دەڵێت پـێشوازی لە هێزەکانی ئەمەریکا دەکات بۆ شەڕی داعش لە وڵاتەکەی، بەڵام بەو مەرجەی واشنتن هەماهەنگی لەگەڵ دیمەشقدا بکات و دانبنێت بە سەروەری حکومەتی سوریا.

بەشار ئەسەد لە چاوپـێـکەوتنێـکی تایبەتدا لەگەڵ ماڵپەڕی یاهو کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکرایەوە ئەم لێدوانەی دا و گوتی ئەگەر ئەمەریکا خوازیارە سەرەتایەکی ڕاستگۆیانە لە شەڕی دژی تێرۆردا دەسـتپـێبکات، ئەوا دەبێت لە ڕێگەی حکومەتی سوریاوە ببێت.

پـرسیاری لێکرا لە بارەی فەرمانەکەی سەرۆک ترامپ بۆ ڕاگرتنی کاتی هاتنی هاوڵاتیان و پەنابەرانی حەوت وڵاتی زۆرینە موسڵمان بۆ ئەمەریکا، لەوانە سوریا، گوتی ئەمە بابەتێـکی پەیوەستە بە وڵاتی ئەمەریکا و هەموو وڵاتێـک مافی خۆیەتی یاسا و ڕێسای خۆی دابنێت بۆ هاتنی خەڵکی بۆ وڵاتەکەی.

پاشان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پـشتیوانی لەو تێڕوانینەی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ کرد بەوەی لە نێو پەنابەراندا شیانی هەیە کەسانی تێرۆرست هەبن، گوتی بێ گومان شیانی هەیە کەسانی تێرۆرستیان تێدایە و هەندێک حاڵەت لەسەر ئنتەرنێت هەن تێرۆرستان لە ناو سوریا چەکیان پـێبووە یان خەڵکیان کوشتووە وەکو پەنابەری بێ تاوان لە ئەوروپا و ڕۆژئاوا بینراونەتەوە.

XS
SM
MD
LG