Accessibility links

ئۆپـۆزسیۆنی سوریا: دیمستورا دەڵێت حکومەتی ئەسەد قایل بووە لە بارەی گواستنەوەی دەسەڵات وتووێژ بکات


ئۆپـۆزسیۆنی سوریا دەڵێت نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەیرانی سوریا پـێی ڕاگەیاندوون حکومەتی بەشار ئەسەد ئامادەیە لە وتووێژەکانی ئاشتی جنێڤ لە بارەی گواستنەوەی سیاسی دانوستاندن بکات.

نەسر ئەلحەریری سەرۆکی شاندی ئۆپـۆزسیۆن ئەمڕۆ چوارشەممە لە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ ستیفان دیمستورا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی گوتی لە دیمستورایان بیستووە ڕژێمی ئەسەد قایل بووە وتووێژ لە بارەی بڕیاری 2254 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات، ئەوەی تیایدا باس لە گواستنەوەی سیاسی لە سوریا دەکرێت. گوتیشی قایلبوونی ڕژێم لە ئەنجامی فشاری ڕووسیاوە بووە.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەزمونی ڕابردووی ئۆپـۆزسیۆن لەگەڵ ڕژێم کرد و گوتی زیاتر لە جارێـک ڕژێم سەلماندویەتی هاوبەشی ڕاستەقینە نیـیە بۆ گەیشتن بە ئارامی و ئاشتی لە سوریا.

باسی لەوەش کرد ڕژێم بەردەوامە لە بەکارهێنانی تەکتیکەکانی خۆی بۆ تێـکدانی پـرۆسەی سیاسی، ئەوەش لە ڕێگەی بەردەوامبوون لە هێرشەکانی بۆ سەر خەڵکی سیڤیل. گوتیشی "لەوەتای ئەم خولی دانوستاندنانە دەسـتیانپـێکردووە، هەتا ئێستا 531 کەس لە سوریا کوژراون و هەموویان کەسی سیڤیلن و ژمارەیەکی زۆریان ژن و منداڵن."

XS
SM
MD
LG