نێردراوی تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و کۆمکاری عه‌ره‌ب ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه گه‌یشتۆته‌وه دیمه‌شق به مه‌به‌ستی وتووێژکردن له‌گه‌ڵ گه‌وره کاربه‌ده‌ستانی سوریادا.
کۆمه‌ڵکوژیه‌که‌ی ڕۆژی هه‌ینی له حه‌وله ناڕه‌زاییه‌کی زۆری نێونه‌ته‌وه‌یی لێکه‌وته‌وه به‌رامبه‌ر ڕژێمی سوریا، هه‌رچه‌نده جیاوازی ڕوانینیش هه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایا هه‌ر ده‌بێت هێزه ئاسایشیه‌کانی سوریا به ته‌نیا لۆمه بکرێن یان نا؟
کوفی ئه‌نان کاتێک گه‌یشته دیمه‌شق ئاماژه‌ی به‌وه کرد په‌یامه‌که‌ی په‌یامێکی ئاشتیانه‌یه و داواشیکرد هه‌موو لایه‌نه‌کان و هه‌موو تاکه که‌سێکیش چه‌ک دابنێن.
یاسر ئه‌لنه‌جار ، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی سوریا ده‌ڵێت ئه‌م سه‌ردانه‌ی کوفی ئه‌نان دواکه‌وتوه و به‌رپرسیارێتیشی له ئه‌ستۆیه تا ڕژێمی سوریا به‌رپرس بکات له‌و خوێنڕژانهی ناو وڵاته‌که.
به‌ڕێز ئه‌لنه‌جار ده‌شڵێت ڕووسیا به‌رپرسه له کۆمه‌ڵکوژیه‌که‌ی حه‌وله ، چونکه هه‌مووی به‌و چه‌کانه کراون که مۆسکۆ له به‌نده‌ری (ته‌رتوس) ه‌وه وه‌ک پشتیوانی ناردوونی بۆ ڕژێمه‌که‌ی به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د.
مهئمون خه‌لیفه ، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ڕێکخستنه‌کان له سوریا له‌وبڕوایه‌دایه ئه‌م سه‌ردانه‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ی کوفی ئه‌نان بۆ دیمه‌شق ده‌شێت به مه‌به‌ستی نیشاندانی ئه‌وه بێت که پێشنیازه‌کانی بۆ دۆسێی سوریا هێشتا شکستیان نه‌هێناوه.
به‌ڕێز خه‌لیفه ده‌ڵێت ئه‌م سه‌ردانه له کاتێکی هه‌ڵه و بۆ لای لایه‌نێکی هه‌ڵه‌ش بووه، چونکه به ڕاسته‌وخۆ یان به ناڕاسته‌وخۆ بێت کاتێکی زیاتر ده‌دات به ڕژێمه‌که‌ی به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د بۆ کوشتنی گه‌لی سوریا و له‌ناوبردنی ئۆپزسیۆنیش.
ڕۆژنامه‌ی نیۆیۆرک تایمز له ڕاپۆرتێکیدا ئاشکرای کردبوو وتووێژ له نێوان مۆسکۆ و واشنتۆندا هه‌یه تا هه‌مان ئه‌و چاره‌سه‌ریه‌ی له یه‌مه‌ن کرا له سوریاش بکرێت. به‌ڵام ئایا به‌شار ئه‌لئه‌سه‌د وه‌ک عه‌لی عه‌بدوڵا ساڵح به‌و چاره‌سه‌ریه قایل ده‌بێت؟
له‌سه‌ر بنچینه‌ی وتووێژه‌کانی له‌گه‌ڵ یاسر ئه‌لنه‌جار ، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی سوریا و مهئمون خه‌لیفه ، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ڕێکخستنه‌کان له سوریا، به‌ڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئاماده کردووه.
ده‌توانن له ڕێێ کلیککردنی ئه‌و فایله ده‌نگیانه‌ی سه‌روه‌ی ده‌سته چه‌پ گوێبیستی ته‌واوی ڕاپۆرته‌که بن که ماوه‌که‌ی 6:44 خوله‌که.