ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیAmnesty International دەڵێت گروپی ئیسلامی لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا هەن تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە و بڕوادەکرێت هەندێـکیان پشتیوانی دەکرێن لە لایەن ژمارەیەک وڵاتەوە.
ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاپـۆرتێـکی 35 لاپەڕەیی ئەمەی ڕاگەیاند و نووسیویەتی گروپەکانی نورەدین زەنگی و جەبهە ئەلشامیـیە و فرقەی 16 لە پارێزگای حەلەب و بەرەی نوسرە و ئەحرار ئەلشام لە پارێزگای ئیدلیب، خەڵک دەڕفێنن و دەکوژن و هەر کەسێـک ڕەخنەیان لێبگرێت یان پابەندی ڕێنمایـیەکانیان نەبێت، ئەوا ئەشکەنجەی دەدەن.
فیلیپ لوثەر بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکای ئەمنستی دەڵێت زۆربەی خەڵکی سیڤیلی ناوچەکانی ژێر دەسـتی ئەو گروپانە بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژین و هەمیشە مەترسیان هەیە دەسـتگیربکرێن.
باسی لەوەش کرد ئەم گروپانە لە ئەمڕۆدا هەست بە ئازادیـیەکی تەواو دەکەن لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و پـێشـێلکاریـیەکانی دیکە مافی مرۆڤ بەبێ ئەوەی دووچاری لێپـرسینەوە بن.
ڕاپـۆرتەکە دەشڵێت بڕوادەکرێت هەندێـک لەو گروپانە پاڵپـشـتی دەکرێن لە لایەن قەتەر و سعودیـیە و تورکیا و ئەمەریکا، بۆیە فیلیپ لوثەر داوا لەو وڵاتانە دەکات بۆستن لە ڕەوانەکردنی چەک و کۆمەک بۆ ئەم گروپانە.
ڕاپـۆرتەکە لە لاپەڕەی 13 ی دەڵێت بەهۆی هێرش و تۆپـبارانی ئەم گروپانە بۆ سەر گەڕەکی شێخ مەقسودی زۆرینە کورد لە شاری حەلەب لە نێوان مانگی دوو بۆ مانگی چواری ئەمساڵ نزیکەی 800 کەسی سیڤیل کوژراون یان برینداربوون.