Accessibility links

خاچی سوور: زیاتر لە 4 هەزار چەکداری دیکەی ئۆپـۆزسیۆن لە شاری حەلەب گواسترانەوە


ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی دەڵێت زیاتر لە 4 هەزار چەکداری ئۆپـۆزسیۆن لە میانەی شەوی ڕابردوو لە گەڕەکەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەبی ژێر دەستی ئۆپـۆزسیۆن گواسترانەوە.

کریستا ئارمسترۆنگ گوتەبێژی ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە گوتی شەوی چوارشەممە لەسەر پـێنجشەممە لە یەکێـک لە دوایـین قۆناغەکانی گواستنەوەی خەڵکی سیڤیل و چەکدار لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب، زیاتر لە 4 هەزار چەکداری ئۆپـۆزسیۆن بە ئۆتۆمبیلی تایبەتی خۆیان و پاسی بچوک و پـیکاپ گواسترانەوە بۆ ناوچە گوندیـیەکانی ڕۆژئاوای حەلەب.

گوتیشی بەمەش نزیکەی 34 هەزار کەس لە ناوچەکە گواستراونەتەوە لە ماوەی هەفتەیەکدا سەرەڕای ئەو پەفر و بایەی ناوچەکەی گرتووەتەوە. باسی لەوەش کرد پـرۆسەکە بۆ ئەمڕۆ پـێنجشەممە بەردەوام دەبێت و پـێدەچێت هەتا ڕۆژی هەینیش درێژەبکێشێت، چونکە مەزەندەدەکرێت هێشتا هەزاران کەسی دیکە مابن.

جێی ئاماژەیە هەفتەیەک لەمەوبەر حکومەت و ئۆپـۆزسیۆنی سوریا لە ژێر فشاری نێودەوڵەتی ڕازی بوون بە گواستنەوەی چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆن و خێزانەکانیان و خەڵکی دیکەی سیڤیل لە گەڕەکەکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب، ئەمەش لە بەرامبەر گواستنەوەی برینداران و خەڵکی سیڤیل لە دوو گوندی سەر بە حکومەت کە لە پارێزگای ئیدلیب لە لایەن ئۆپـۆزسیۆنەوە گەمارۆدراون. ڕێکخراوی نێودەوڵەتی خاچی سوور لەگەڵ مانگی سووری سوریا چاودێری پـرۆسەکە دەکەن.

XS
SM
MD
LG