Accessibility links

پـرۆسەی چۆڵکردنی ناوچەکانی شاری حەلەبی ژێر دەسـتی ئۆپـۆزسیۆن دەسـتیپـێکرد


بەپـێی هەواڵەکان پـرۆسەی چۆڵکردنی ئەو ناوچانەی هێشتا چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆن و خەڵکی سیڤیلی لێ ماون لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب، لە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پـێنجشەممە بە کاتی خۆجێی دەسـتیپـێکردووە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت یەکەم کاروان کە لە 20 پاس و ئەمبوڵانس پێـکهاتوون لە ناوچەی ئەلعامریـیە دەرچوون و بە ناوچەی ڕامووسەی ژێر دەسـتی حکومەت تێپەڕیون بە ئاڕاستەی ناوچە گوندیـیەکانی ڕۆژئاوای حەلەب کە لە ژێر دەسـتی هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆندان.

ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی کە بە هاوکاری مانگی سوری سوریا پـرۆسەی چۆڵکردنەکە ئەنجام دەدەن، لەسەر تویتەرەکەی خۆی نووسیویەتی پـرۆسەی گواستنەوەی 200 بریندار دەسـتیـپێـکرد و 26 بریندار وا بەڕێوەن بەرەو ناوچەکانی ڕۆژئاوای حەلەب. ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە 20 پاس و 13 ئەمبوڵانس وا سەرقاڵی گواستنەوەی خەڵکەکەن.

هاوکات چەند سەرچاوەیەک دەڵێن لە ناوچەکانی ژێر دەستی حکومەت تەقە لە کاروانی یەکەمی گواستنەوەی بریندارەکان کراوە و چەند کەسێـک برینداربوون.

ڤیدیۆکانی لە ناوچەکەوە هاتوون نیشانی دەدەن بە هەزاران کەس گردبوونەتەوە هەتا بەرەو ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسـتی ئۆپـۆزسیۆن بگوێزرێنەوە.

لە لایەکی دیکە ئاژانسی دەنگ‌وباسی تاسی ڕووسیا لە زاری کاربەدەستێـکی لەشکری لە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند کە گوتویەتی پـرۆسەکە دەسـتیپـێکردووە و لە ئێستادا 5 هەزار کەس دەگوێزرێنەوە کە بریتین لە چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆن و خێزانەکانیان. باسی لەوەش کردووە بە ڕێگەیەکدا تێپەڕدەبن کە درێژیـیەکەی 21 کیلۆمەترە.

XS
SM
MD
LG