پـرۆسەی چۆڵکردنی گەڕەکەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب، ئەوانەی هێشتا هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنیان لێماونەتەوە، دواخرا، ئەمەش بەهۆی ئەو تۆپـباران و هێرشە ئاسمانیـیانەی دەکرێتە سەریان و هەروەها مەرجی نوێی حکومەتی سوریا و لایەنگرانیان.
بەپـێی سەرچاوەکانی ئۆپـۆزسیۆن و نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزیان گوتووە، ئێرانیـیەکان کە لە سوریا پشـتگیری لە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد دەکەن، مەرجی نوێـیان داناوە و دەڵێن دەبێت هاوکات ڕێگە بدرێت بە بریندارانی سەر بە ڕژێم لە هەردوو گوندی ئەلفۆعە و کەفارەیا لە پارێزگای ئیدلیب ببرێنە دەرێ کە لە لایەن هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنەوە ئەو دوو گوندە گەمارۆدراون.
لە ئێستادا باس لەوە دەکرێت چۆڵکردنەکە ڕەنگە بۆ ڕۆژی پـێنجشەممە دوابخرێت، بەڵام حزبوڵڵای لوبنان کە ئەویش هێزی لە سوریا هەیە، دەڵێت ئەگەربێت و مەرجەکانی حکومەتی سوریا جێبەجێ نەکرێن، ئەوا ڕێگە نادرێت پـرۆسەی چۆڵکردنەکە بەڕێوەبچێت.
لە لایەکی دیکە فڕانسوا ئۆلاند سەرۆکی فەڕەنسا دەڵێت داوای کردووە بە سەرپەرشتی چاودێرانی نێودەوڵەتی چۆڵکردنەکە ئەنجامبدرێت و هەروەها ڕێکخراوە نێودەوڵەتیـیەکانیش لەوێ بن بۆ پـێشکەشکردنی یارمەتی بۆ خەڵکەکە بەبێ جیاوازی.
ڕۆبەرت کوڵڤیل گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان دوێنێ سێشەممە گوتی ڕاپـۆرت هەن باس لەوە دەکەن سەربازانی سوریا لەگەڵ چەکدارانی عێراقی لایەنگریان 82 کەسی سیڤیلیان گولـلەباران کردووە کاتێک چەند ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی شارەکەیان کۆنترۆڵ کردبووەوە. گوتیشی ڕاپـۆرتیش هەن ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن لە جادەکانیش تەقە لە خەڵکی کراون کاتێـک هەوڵی هەڵاتنیان دابوو.