Accessibility links

هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا تەواوی ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی حەلەب لەدەست‌دەدەن


هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا تەواوی ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەبیان لەدەسـت‌دا، ئەمەش پاش ئەوەی کەوتنە بەر هێرشێـکی گەورەی هێزەکانی حکومەت بە پاڵپشـتی فڕۆکەکانی ڕووسیا.

ڕامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ڕێکخراوی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت گەڕەکەکانی حەیدەریـیە و ساخور و شێخ خدر بە تەواوی کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەت. گوتیشی ئەمە گەورەترین شکستی ئۆپـۆزسیۆنە لە حەلەب لەوەتا ساڵی 2012 وە.

لە لایەکی دیکە سەدان خێزانی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب ئاوارەبوون و ڕوویان لە گەڕەکی شێخ مەقسودی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی یەپەگە کرد. هاوکات هێزە کوردیـیەکانیش دەسـتیانگرتووە بەسەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی شێخ مەقسود و هەردوو گەڕەکی شێخ فارس و بوستان ئەلپاشایان کۆنترۆڵ کرد و هەتا جادەی ئەلزەهەب گەیشتن.

ئاژانسی سانای حکومەتی سوریاش دەڵێت لەوەتای ڕۆژی شەممەوە 6 گەڕەکی دیکەی حەلەبیان کۆنترۆڵ کردووەتەوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیاش ڕایگەیاند 40% ی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب کە 10 گەڕەکن و زیاتر لە 3 هەزار بینایی لێـیە، لە بەرەی نوسرە و گروپەکانی لایەنگری پاککراونەتەوە. دەشڵێت 100 چەکدار ناوچەکەیان جێهێشتووە پاش ئەوەی چەکەکانیان داناوە.

XS
SM
MD
LG