Accessibility links

هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا هێرشێـکی گەورەیان بۆ سەر شاری حەلەب دەسـتپێـکردووە


هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا ئەوانەی تورکیا و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی پشتیوانیان دەکات هێرشێـکی گەورەیان دەسـتپـێـکردووە بۆ سەر هێزەکانی ئەسەد لە شاری حەلەب.

هێرشەکە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینیـیەوە بە بۆردومانی چڕی ناوچەکانی باشوری ڕۆژئاوا و باکوری ڕۆژئاوای شارەکە دەسـتیپێـکرد کە لە ژێر دەسـتی هێزەکانی حکومەتدان. هاوکات 4 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراویشیان بە هێزەکانی حکومەت تەقاندەوە.

بەپـێی کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ، لەم شەڕەدا هەریەک لە گروپەکانی جەبهەت فەتح ئەلشام (بەرەی نوسرەی جاران) و ئەحرار ئەلشام و بزوتنەوەی نورەدین ئەلزەنگی و حزبی ئیسلامی تورکستانی بەشدارن. هێزەکانی حکومەتیش بریتین لە لەشکری سوریا و چەکدارانی سەر بە ڕژێم و شیعەی لوبنان و ئێران.

چالاکوانانی ئۆپـۆزسیۆن دەیان وێنە و ڤیدیۆی شەڕەکەیان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکان بڵاوکردووەتەوە کە بە موشەکی گراد (ڕاجیمە) و تانک و تۆپ لە هێزەکانی سەر بە ئەسەد دەدەن.

گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆن دەڵێن پـێشڕەوی باشیان کردووە و ئامانجیان لەم هێرشە شکاندنی ئابڵۆقەی سەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەبی ژێر کۆنترۆڵی خۆیانە.

لە لایەکی دیکە لە مۆسکۆ بڵاوکراوەتەوە گوایە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا داوای لە ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا کردووە مۆڵەتیان بداتێ بۆ دەسـتپـێکردنەوەی هێرشە ئاسمانیـیەکانیان بۆ سەر توندڕەوان لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب.

XS
SM
MD
LG