Accessibility links

چالاکوانانی سوریا: هێزەکانی بەرەی نوسرە و گروپەکانی هاوپەیمانی شارۆچکەیەک لە باشوری حەلەب کۆنترۆڵ دەکەن

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت چەکدارانی بەرەی نوسرە و جوندی ئەقسا و ئەحرار ئەلشام و چەند گروپێـکی دیکەی ئیسلامی توانیویانە تەواوی شارۆچکەی خان تۆمان لە باشوری ڕۆژئاوای حەلەب کۆنترۆڵ بکەن.

کۆمەڵەکە کە پەیوەندی بە تۆڕێـکی گەورەی چالاکوانانە لە سوریا، ئەمڕۆ هەینی لە بەیانـنامەیەکدا ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی پاش ئەوەی لە دوێنێ پـێـنجشەممەوە ئەم گروپە ئیسلامیـیانە هێرشێـکی گەوریان کردە سەر هێزەکانی حکومەت، ئەمڕۆ توانیان شارۆچکەی خان تۆمان و گوندەکانی ئەبو ڕوێل، خربەت حەج، تلتی مستاوی و دلیش لە باشوری حەلەب کۆنترۆڵ بکەن. هەروەها دوێنێش لەو ناوچەیە دەسـتیان گرتبوو بەسەر گوندی خالیدیـیە.

پاشان باسی لە ئاماری کوژراوانی شەڕەکە کرد و نووسیویەتی بە لایەنی کەم 43 چەکداری گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆن کوژراون کە یەکێـکیان سەرکردە بووە. هەروەها بە لایەنی کەم 30 چەکداری هێزەکانی حکومەتیش کوژراون و دەیانی دیکەیان برینداربوون. کۆمەڵەکە ئاماژەی بۆ خۆکوژێـکی بەرەی نوسرەش کرد کە ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراوی لە نزیک خان تۆمان تەقاندبۆوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت ئەبو برائی حەمەوی کە چەکدارێـکی ئەجناد ئەلشامە و لە شەڕەکەدا بەشداربوون، گوتویەتی بە درێژایی شەوی ڕابردوو شەڕێـکی قورس و توند لە ناوچەکە ڕوویانداوە و دواتر توانیویانە ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکەن. بەڵام ئاژانسەکە دەشڵێت سەرچاوەیەک لە لەشکری سوریا ڕەتی کردووەتەوە خان تۆمان لە لایەن هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنەوە دەسـتی بەسەرداگیرابێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG