Accessibility links

فڕۆکەکانی حکومەتی سوریا نەخۆشخانەیەک لە شاری حەلەب بۆردومان دەکەن و 20 کەس دەکوژرێن


چالاکوانانی سوریا دەڵێن فڕۆکەکانی حکومەتی سوریا نەخۆشخانەیەک و ناوچەیەکی سیڤیلیان لە شاری حەلەب بۆردومانکردووە و لە ئاکامدا بە لای کەم 20 کەس گیانیان لەدەسـتداوە.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ کە پەیوەندی بە ژمارەیەکی زۆری چالاکوانان لە ناو سوریا هەیە ڕایگەیاند بۆردومانەکە شەوی چوارشەممە کراوەتە سەر نەخۆشخانەی ئەلقودس و شوێنێـکی نیشتەجێی خەڵکی سیڤیل لە ناوچەی سوکەری شاری حەلەب.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لە نێو ئەو 20 کەسەی گیانیان لەدەسـتداوە 3 منداڵ و 3 پـزیشک و 2 پاسەوانی نەخۆشخانەکە هەن. هەروەها ژمارەیەک کەسیش برینداربوون و ژمارەیەکیش لە ژێر شوێنە وێرانبووەکانی نەخۆشخانەکە ماونەتەوە.

زیانە مادیـیەکان هێندە زۆرن بە نەخۆشخانەکە کەوتوون کە ناکرێت چیتر نەخۆشی تیادا چارەسەربکرێت.

ماوەی شەش ڕۆژە هێزەکانی حکومەت و ئۆپۆزسیۆن بۆردومان و تۆپبارانی یەکتری دەکەن و لەو نێوەدا 139 کەسی سیڤیل کوژراون و دەیانی دیکە برینداربوون. ئەمەش لە کاتێـکدا ئاگربەست ڕاگەیاندراوە. چاودێران دەڵێن مەترسی هەیە ئەم هێرشانە ببنە مایەی کۆتایی‌هێنان بەو ئاگربەستە.

XS
SM
MD
LG