Accessibility links

هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا: شاری ئەلباب لە داعش ڕزگارکرا


هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا، ئەوانەی تورکیا پاڵپشـتیـیان دەکات دەڵێن شاری ئەلبابیان بە تەواوی کۆنترۆڵکردووە و لە ئێستادا بۆمبە چێنراوەکانی داعش لە شارەکەدا پـوچەڵ دەکەنەوە.

ئەبو جەعفەر لە هێزی موعتەسەمی ئۆپـۆزسیۆن ئەمڕۆ پـێنجشەممە بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی ڕاگەیاند دەیان چەکداری داعشیان لە ناو شاری ئەلباب کوشتووە و زیاتر لە 50 خێزانیان لە نێو شارەکە ڕزگارکردووە.

هاوکات لەشکری تورکیا لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاند دوێنێ چوارشەممە لە ئاکامی شەڕەکان و بۆردومانی فڕۆکە و تۆپـباران 56 چەکداری داعش لە شاری ئەلباب کوژراون.

هەروەها لە بەیانـنامەکە نووسراوە تۆپـخانەی تورکیا لە 104 شوێنی داعشی داوە، لەوانە بینا و ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو.

لە لایەکی دیکە بەپـێی ئاژانسی هەواڵی ‌Aleppo24 ، سەرچاوەیەک گوتویەتی دانوستاندن لە ئارادایە لە نێوان هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆن و داعش بۆ کشانەوەی تەواوی چەکدارەکانی داعش لە ئەلبابەوە بەرەو شارۆچکەی دێر حافر کە نزیکەی 35 کیلۆمەتر لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەلبابەوە دورە.

شاری ئەلباب سەر بە پارێزگای حەلەبە و دەکەوێتە ناوچەیەکی ستراتیژی لە نێوان هەردوو کانتۆنی کۆبانی و عەفرین.

بەپـێی دوایـین هەواڵ داعش دەسـتیکردووە بە کشانەوە لە هەردوو شارۆچکەی بزاعە و قابسین لە نزیک شاری ئەلباب.

XS
SM
MD
LG