Accessibility links

حکومەتی سوریا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر باکووری ڕۆژئاوای سوریا چڕدەکاتەوە


ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەدا هێزەکانی حکومەتی سوریا بۆردومانی کۆمەڵێک شوێنیان کردووە لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا، ئەمەش لە چوارچێوەی هەڵمەتە سەربازییەکەی حکومەتی سوریادا دژی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن.

سەرچاوەکانی ئۆپۆزسیۆن و حکومەتی سوریا ئاماژەیان بەوە کرد بەهۆی ئەو هێرشە ئاسمانییانەوە هێزەکانی حکومەتی سوریا توانیویانە کۆنتڕۆڵی شارۆچکەی کەفر نەبودە بکەن لە پارێزگای حەما لە باکووری سوریا.

ڕوانگەی سوری کە چاودێری ململانێکانی سوریا دەکات وتی هێرشە ئاسمانی و وشکانییەکان بوونەتە هۆی کوژرانی 12 کەس لە کۆمەڵێک شوێن لەوانەش شارۆچکەی معەرە نەعمان.

هێرشەکانی حکومەتی سوریا لە کۆتای مانگی چواردا دەستیان پێکرد و زیاتر هێرشەکان بۆ سەر باشووری پارێزگای ئیدلب و ناوچەکانی دەوروبەریی حەما و لازقییەن.

ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و تەندروستیەکان کە یارمەتی دامەزراوە تەندروستیەکان دەدەن وتیان لە 28 مانگی چوارەوە بۆردومانەکان بوونەتە هۆی کوژرانی 229 هاوڵاتی مەدەنی و برینداربوونی 727 کەسی دیکە و و زیاتر لە 300 هەزار کەسی ئاوارە کردووە.

بەڕێوبەری ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕامی عەبدولڕەحمان وتی ڕۆژی یەکشەممە فڕۆکە جەنگیەکانی سوریا زیاتر لە 280 هێرشی ئاسمانیان ئەنجامداوە و فڕۆکە جەنگیەکانی ڕوسیاش 15 هێرشیان ئەنجامداوە.

دەزگای هەواڵی سوری ( سانا ) ئاماژەی بەوەدا هێزەکانی حکومەتی سوریا شارۆچکەی کەفر نەبودەیان لەژێر دەسەڵاتی چەکدارانی هەیئەی تەحریر شامدا دەرهێناوە کە پێشتر بە بەرەی نوسڕە ناسراوبوون و سەر بە قاعیدە بوون، بەڵام دوای ئەوەی لە قاعیدە جیابوونەوە ناوەکەیان گۆڕی بۆ تەحریر شام.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG