Accessibility links

ڕۆژئاوا شکست دەهێنێت بە هەوڵێـکی ڕووسیا بۆ دانانی جەیش ئەلئیسلام و ئەحراری شامی سوری لە نێو لیستی ڕەشدا


دیپـلۆماتان دەڵێن بەریتانیا و ئەمەریکا و فەڕەنسا و ئۆکرانیا شکستیان بە هەوڵێـکی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان هێناوە بۆ دانانی هەردوو گروپی جەیش ئەلئیسلام و ئەحرار ئەلشامی سوری بۆ نێو لیستی ڕەشی گروپەکانی سزا دەیانگرێتەوە بەهۆی پەیوەندیـیان بە داعش و قاعیدەوە.

لە کۆتایـیەکانی مانگی ڕابردوو ڕووسیا ئەم پـێشنیارەی کردبوو، بەڵام ئەمەریکا گوتبووی لە دژی دەوەستێتەوە، چونکە بۆی هەیە ببێتە مایەی کۆسپ لە بەردەم هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕاگرتنێـکی بەردەوامی شەڕ لە سوریا.

جێی ئاماژەیە پـێویستە ئەنجومەنی ئاسایش کە لە 15 وڵات پـێـکهاتووە لەگەڵ کۆمیتەی تایبەت بە سزاکانی سەر قاعیدە لە نەتەوە یەکگرتووەکان قایل بن لەسەر دانانی گروپ و کەسانێـک لە نێو لیستی ڕەشدا بەر لەوەی سزاکانیان بەسەردا بسەپێنرێت.

جەیش ئەلئیسلام یەکێـکە لە گروپە چەکدارە ناسراوەکانی ناو سوریا و هەروەها بەشدارە لە دەستەی باڵای ئۆپـۆزسیۆنی سوریا بۆ دانوسـتاندنەکان، ئەوەی لە مانگی دوازدەی سـاڵی ڕابردوو لە ڕیازی پایتەختی عەرەبستانی سعودیـیە پـێـکهێنرا تاوەکو بە ناوی گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆن دانوسـتاندن لەگەڵ شاندی حکومەتدا بکەن لە چوارچێوەی وتووێژەکانی ئاشتی ئەوانەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتیان دەکات.

ئەم دەستەی باڵای ئۆپـۆزسیۆنی سوریا بۆ دانوسـتاندنەکان لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی پشـتیوانی دەکرێن.

ئەحرار ئەلشام لە کۆبوونەوەکانی ڕیاز کشایەوە بەهۆی وەکو دەڵێت گروپی شۆڕشگێڕی هەن لەو کۆبوونەوانەدا پشـتگوێ خراون. بەڵام لە دوایـین دانوستاندنی ئاشتی لە جنێڤ بەشداری کرد.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا زۆر جار داوای کردبوو بەشداری نەکرێت بە جەیش ئەلئیسلام و ئەحراری شام لە وتووێژەکانی ئاشتی سوریادا.

ئەحرار ئەلشام گروپـێـکی سەلەفی توندڕەوە و لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیـیەکدا لەگەڵ بەرەی نوسرەی باڵی قاعیدە لە سوریا شەڕ دەکات. بەرەی نوسرە و داعش لە دەرەوەی ڕێکەوتنی ئاگربەستی سوریان ئەوەی لە مانگی دوو بە یارمەتی ئەمەریکا و ڕووسیا ئۆپـۆزسیۆن و حکومەتی سوریا پـێی گەیشتن.

XS
SM
MD
LG