Accessibility links

لەشکری سوریا دەچێتە عەفرینەوە و تورکیاش هەڕەشە دەکات


تەلەفزیۆنی فەرمی وڵاتی سوریا دەڵێت هێزەکانی سەر بە حکومەتی وڵاتەکە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دەست دەکەن بە چوونە ناو شاری کوردنشینی عەفرینەوە.

تەلەفزیۆنی سوریا وردەکاری و زانیاری زیاتری نەداوە سەبارەت بە ناردنی هێزەکان بۆ شاری عەفرین کە بە هێزی گشتی ناسراون.
ئەم هەنگاوەی حکومەتی سوریا لە نێوەندی ئەو ڕاپۆرتە هەواڵیانەدایە کە دەڵێن ڕێککەوتنێک کراوە لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزی سەرەکی کورد لەو ناوچەیەدا.

لە یەکەم کاردانەوەدا بەرامبەر بەو ڕێککەوتنە، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ شەڕی هێزە سەربازییەکانی حکومەتی سوریا ئەگەر بـێتو بچنە ئەو ناوچە کوردنشینە و جەنگاوەرە کوردەکان بپارێزن.

ئەم لێدوانەی مەولود چاوشئۆغڵو لە عەممان پایتەختی شانشینی ئوردونەوە بوو.

ئاژانسی فەرمی دەنگوباسی سوریا "سانا" دەڵێت هێزە سەەربازییەکانی حکومەت لە ناوچەی عەفرین دادەنرێن بە مەبەستی تۆکمەکردنی ئەو هێزە خۆجێییانەی بەرەنگاری هێرشەکانی تورکیا بوونەتەوە.

یەکینەکانی پاراستنی گەل واتە یەپەگە لە ڕۆژی 20 ی مانگی یەکی ڕابردووەوە شەڕی قورس دەکات بۆ پاراستنی ناوچەکە.

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت "ئەگەر ڕژێمی سوریا بۆ پاراستنی یەپەگە دەچێتە ئەو ناوچانە ئەوا هیچ شتێک ناتوانێت ڕامان بگرێت، تورکیا و سەربازەکانی تورکیا ڕابگرێت."

XS
SM
MD
LG