Accessibility links

شەڕی قورس لە ڕۆژهەڵاتی عەفرین هەڵدەگیرسێت

  • VOA News

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت شەڕی قورس هەڵگیرساوە لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا ئەوانەی تورکیا پاڵپشـتیان دەکات.

کۆمەڵەکە ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند شەڕەکان ناوچەکانی دەوروبەری هەردوو گوندی عەین دقنە و مەرعەنازی ڕۆژهەڵاتی شاری عەفرینی گرتووەتەوە و هەردوو لایەن بە چەکی قورس تۆپـبارانی یەکتر دەکەن و زیانی گیانی بەر هەدوولا کەوتووە.

دەشڵێت ئەم شەڕ و پـێکدادانانە پاش ئەوەیە کە لەشکری توریکا لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لەگەڵ هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆن ئامادەکاریان بۆ ئۆپەراسیۆنێـکی لەشکری دەکرد بە ئامانجی وەک دەڵێن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچەیەی دەکەوێتە نێوان مارع و دێر جەمال تاوەکو دەیان هەزار ئاوارە بۆ گوندەکانیان بگەڕێنەوە.

لە لایەکی دیکە هێزەکانی سوریای دیموکرات گەڕەکێـکی دیکەی شاری ڕەققەیان لە داعش ڕزگارکرد.

جیهان شێخ ئەحمەد گوتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ ئۆپەراسیۆنی ڕەققە ئەمڕۆ دووشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت ناوچەی ئەلیەرموک لە باشوری ڕۆژئاوای شارەکە ڕزگارکرا و هێشتا شەڕی قورس بەردەوامە.

هاوکات ڕاپـۆرت هەن باس لە هەڵهاتنی سەدان کەسی سیڤیل لە شارەکە دەکەن کە لە ماوەی 2 ڕۆژی ڕابردوو گەیشتوونەتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات.

XS
SM
MD
LG