ژماره‌ی قوربانیان له سوریا هه‌تا دێت و له زیادبووندایه و ئه‌م جاره‌یان له پاش شه‌ڕی نێوان هێزه‌کانی حکومه‌ت و لایه‌نگرانی دیموکراسی له ناوچه‌یه‌کی ده‌ره‌وه‌ی پایته‌ختدا.
چالاکوانان ده‌ڵێن زوویه‌کی ئه‌مڕۆ شه‌ممه 10 که‌س له ناوچه‌یه‌کی ده‌وروبه‌ری دیمه‌شقدا کوژراون. هه‌روه‌ها چالاکوانان ئاگاهیـیان داوه که‌وا به درێژایی که‌ناره‌کانی سه‌ر ده‌ریای ناوه‌ڕاست له پارێزگای لازقیـیه شه‌ڕ و پـێـکدادان ڕوویانداوه، به‌ڵام هیچ زانیاریـیه‌کیان له‌سه‌ر زیانه‌کان لا نه‌بووه.
ئه‌م شه‌ڕ و پـێـکدادانانه پاش ئه‌وه دێن که دوێنێ هه‌ینی 2 ته‌قینه‌وه‌ی به‌هێز دیمه‌شقی پایته‌ختی هه‌ژاند و بووه مایه‌ی کوژرانی به لایه‌نی که‌م 10 که‌س.
له لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌مڕۆ ڕۆژنامه‌ی تشرینی حکومه‌تی سوریا به توندی هێرشی کرده سه‌ر بان کی مونی سـکرتێری گشـتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و تاوانباری کرد به‌وه‌ی هانی سه‌رهه‌ڵـداوان ده‌دات. ڕۆژنامه‌که ده‌ڵێت سـکرتێری نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان هه‌موو ڕه‌خنه و گله‌یـیه‌کانی له حکومه‌ته و هیچ باسی هێرشی سه‌رهه‌ڵداوان ناکات.
جێی ئاماژه پـێـکردنه دوێنێ هه‌ینی له میانه‌ی کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانیدا له هیندسـتان، بان کی مون گوتی ئه‌و زۆر نیگه‌رانه له به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی قوربانیان له سوریا که هه‌رچه‌نده به‌رده‌وام حکومه‌تی ئه‌و وڵاته دووباره‌ی ده‌کاته‌وه وابه‌سته‌یه به کۆتایی‌هێنان به توندوتیژی.
نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان مه‌زه‌نده ده‌کات زیاتر له 9 هه‌زار که‌س له سوریادا کوژرابن له‌وه‌تای له مانگی سێی 2011 وه ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵـکی ئه‌و وڵاته ده‌سـتیپـێـکردووه، به‌ڵام کۆمه‌ڵه‌کانی مافی مرۆڤ و چالاکوانان ده‌ڵێن زیاتر له 11 هه‌زار که‌س کوژراون.
هاوکاتی ڕووداوه‌کانی ئه‌مڕۆ، کاربه‌ده‌سـتانی لوبنان گوتیان که‌شتیـیه‌کیان ڕاگرتووه که گومانی لێـده‌کرێت چه‌کی قاچاخی بۆ سه‌رهه‌ڵـداوانی سوریا هه‌ڵگرتبێت.
کاربه‌ده‌سـتان ده‌ڵێن که‌شـتی لوتفوڵڵا 2 له لیبیاوه ده‌رچووه و پاشـان له به‌نده‌ری ئسکه‌نده‌ریـیه‌ی میسر له‌نگه‌ری گرتووه و دواتر به‌ره‌و به‌نده‌ری ته‌رابلوسی لوبنان به‌ڕێکه‌وتووه. به لایه‌نی که‌م 3 باری که‌شـتیـیه‌که داگیراوه. کاربه‌ده‌سـتان ده‌ڵێن له ناو ئه‌و بارانه‌دا موشه‌ک و ڕۆکێت و چه‌کی دیکه‌ی تێدابووه.