چالاکوانانی مافه‌کانی مرۆڤ له سوریا ده‌ڵێن به‌لایه‌نی که‌م 15 که‌س له ڕۆژی چوارشه‌ممه له شاری ده‌رعه کوژران 6 که‌س له‌وانه له کاتێکدا کوژران که هێزه‌کانی ئاسایش ته‌قه‌یان کرد به‌ناو خۆپیشانده‌رانی دژه حکومه‌تدا له نزیک مزگه‌وتێک.
ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جهیانی ئه‌و هێرشه‌ی شه‌رمه‌زار کرد و ده‌ڵێت لیستێکیان ئاماده کردووه که نێوی 93 که‌سی تێدایه له‌م مانگه‌دا به‌هۆی به‌شداری کردنیان له خۆپیشاندانی دژه حکومه‌ت یان چالاکییه‌کانیان له سه‌ر ئه‌نته‌رنێت ده‌ستگیر کراون.
جێگری به‌ڕیوه‌به‌ری گروپه‌که بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکوری ئافریکا فلیپ لوته‌ر داوای له کاربه‌ده‌ستانی سوریا کردووه ده‌ستبه‌جێی ئه‌و که‌سانه ئازاد بکرێن که به‌هۆی ده‌ربڕینی بیروڕای خۆیان به ئازادی ده‌ستگیر کراون.
چالاکوانان ده‌ڵێن هێزه‌کانی ئاسایش چه‌ند که‌سێکی دیکه‌شیان له ڕۆژی چوارشه‌ممه‌دا کوشتووه.
حکومه‌تی سوریا توندوتیژییه‌که‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی به جۆرێکی‌تر ڕاگه‌یاندووه. ئاژانسی ده‌نگوباسی وڵاته‌که ده‌ڵێت چوار که‌س له ده‌رعه کوژران له کاتێکدا ده‌سته‌یه‌کی چکدار هێرشی کرده سه‌ر تیمێکی کارمه‌ندانی ته‌ندروستی. ئاژانسه‌که ده‌ڵێت قوربانییه‌کان 3 ئه‌ندامی کارمه‌ندانی ته‌ندروستی و ئه‌فسه‌رێکی هێزه‌کانی ئاسایشه.
شایانی باسه ده‌رعه بووه به نێوه‌ندی خۆپیشانده‌رانی دژه حوکومه‌ت له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی ڕابوردوودا. هێزه‌کانی ئاسایشی سوریا له ڕۆژی هه‌ینی ڕابوردووشدا 4 خۆپیشانده‌ریان کوشت. خۆپیشانده‌رێکی تریش له ڕؤژی یه‌کشه‌ممه کوژرا. کوڕێکی ته‌مه‌ن 11 ساڵیش به‌هۆی گازی فرمێسکڕێژه‌وه گیانی له‌ده‌ست دا.
شایانی باسه خۆپیشانده‌ران داوا ده‌که‌ن سه‌رۆکی سوریا بشار ئه‌ل ئه‌سه‌د یاسای ته‌نگه‌تاوی وڵاته‌که لابدات و به‌هه‌زاران زیندانی سیاسی ئازاد بکرێن هه‌روه‌ها ڕێگه به ئازادی ڕاده‌ربڕین بدرێت.
سوریا له ساڵێ 1963 وه و له‌وکاته‌وه‌ی پارتی به‌عس ده‌ستی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا گرتووه باری نائاسایی به سه‌ر وڵاته‌که‌دا سه‌پاندووه که ڕێگا له هه‌ر ڕۆڵێکی ئۆپۆزسیۆن ده‌گرێت.