ده‌یان هه‌زار لایه‌نگری حکومه‌تی سوریا له شـاره سه‌ره‌کیـیه‌کانی وڵاته‌که‌دا بۆ دووه‌م ڕۆژه ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن به‌رامبه‌ر بڕیاری کۆمکاری عه‌ره‌ب بۆ هه‌ڵپه‌ساردنی ئه‌ندامێتی سوریا به‌هۆی به‌رده‌وامیدان به سه‌رکوتکردنی خوێناویانه‌ی سه‌رهه‌ڵداوان.
ته‌له‌فیزیۆنی ده‌وڵه‌تی سوریا دیمه‌نی ئاپـۆڕه‌ی خه‌ڵکی بڵاوکردۆته‌وه له دیمه‌شق و حه‌ڵه‌ب و شـاره‌کانی تریش.
زۆرێـک له خۆپـیشـانده‌ران ئاڵای سوریایان به‌رزکردبووه‌وه و هه‌روه‌هاش وێنه‌ی به‌شـار ئه‌لئه‌سه‌د سه‌رۆکی سوریا.
ڕۆژی شه‌ممه کۆمکاری عه‌ره‌ب بڕیاری دا له ڕۆژی چوارشه‌ممه‌وه ئه‌ندامێتی سوریا هه‌ڵپه‌سێرێت ئه‌گه‌ر بێت و حکومه‌ته‌که‌ی به‌شـار ئه‌لئه‌سه‌د به‌رده‌وامبێت له فه‌رامۆشـکردنی داوای کۆمکاری عه‌ره‌ب بۆ دیالۆککردن له‌گه‌ڵ ئۆپـۆزسیۆنی سوریا.
دره‌نگانێـکی ڕۆژی شه‌ممه لایه‌نگرانی به‌شـار ئه‌لئه‌سه‌د په‌لاماری باڵیۆزخانه‌ی عه‌ره‌بسـتانی سـعودیـیه و قه‌ته‌ریان دابوو.
ڕیاز ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشه‌ی کردووه که کراوه‌ته سه‌ر باڵیۆزخانه‌که‌ی له پایته‌ختی سوریادا و ده‌شڵێت دیمه‌شق به‌رپـرسه له باری ئاسایشی هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیـیه‌کانی عه‌ره‌بسـتانی سعودیـیه له سوریادا.
ئاژانسی ده‌نگوباسی ئه‌ناتۆلیا نووسیویه لایه‌نگرانی سه‌رۆکی سوریا هه‌وڵیان داوه بچنه ناو باڵیۆزخانه‌ی تورکیاشه‌وه له دیمه‌شق و هه‌روه‌هاش کۆنسڵخانه‌کانی تورکیا له هه‌ردوو شـاری حه‌ڵه‌ب و لازقیـیه.
تورکیا زۆر به توندی ڕه‌خنه‌ی له ده‌سه‌ڵاتدارانی سوریا گرتووه به هۆی به‌کارهێنانی هێزه‌وه دژی خۆپـیشـاندانی ئاشـتیـیانه‌ی ئۆپـۆزسیۆنه‌کانی سوریا.