Accessibility links

کوردەکانی سوریا لەگەڵ مانەوەی ئەمەریکادان لە وڵاتەکەیاندا

  • VOA News

شاهۆز حەسەن هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)

کوردەکانی سوریا لەگەڵ ئەوەدان هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا بمێننەوە هەتا ئەو کاتەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی وڵاتەکەیان دەدۆزرێتەوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز لە زاری شاهۆز حەسەن هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) بڵاویکردووەتەوە کە گوتویەتی" بەبێ گەیشتن بە چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی سوریا و بەردەوامبوونی دەسـتێوەردانی تورکیا و ئێران لە سوریا و مانەوەی گروپەکانی قاعیدە لە سوریا، باشترە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە کارەکانی بەردەوامبێت."

هەروەها فۆزا یوسف هاوسەرۆکی فیدراڵزمی باکوری سوریا، ئەوەی کوردەکان لەگەڵ بەشێک لە عەرەب و کرستیانەکانی باکوری سوریا یەک لایەنە ڕایانگەیاندووە، ئەویش باسی لە گرنگی ڕۆڵی ئەمەریکا کردووە و گوتویەتی " ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان ڕۆڵێکی گرنگیان لە شەڕی دژی داعش بینیوە، وە بۆ ئەوەی بە ڕێکەوتنێـکی سیاسی ڕەوایانە بگەین کە هەموو لایەنەکان لەسەری قایلبن، پـێویستە گەرەنتی نێودەوڵەتی هەبن، بۆیە لەم قۆناغەدا ئەمەریکا ئەم ڕۆڵە ببینێت شتێکی گرنگە."

باسی لەوەش کرد لەوەتای هێزەکانی سوریای دیموکرات شاری ڕەققەیان لە داعش ڕزگارکردووە یارمەتیـیە مرۆیـیەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بۆ باکوری سوریا زیادیانکردووە، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ زیادبوونی ڕۆڵی ئەمەریکا لە سوریا.

کوردەکان لە سوریا خوازیارن سیستەمێکی فیدراڵی لە سوریا دابمەزرێت کە تیایدا مافی هەموو پـێکهاتەکان پارێزراوبێت، بەڵام هێشتا هیچ وڵاتێک بە ئاشکرا پشتیوانی لەو خواستەیانی نەکردووە.

ڕۆژی دووشەممە جێم ماتیس وەزیری بەرگری ئەمەریکا گوتی هێزەکانی وڵاتەکەی سوریا جێناهێڵن هەتا وتووێژەکانی جنێڤ بە ئەنجامێک نەگەن. گوتیشی واشنتن مەترسی هەیە لەوەی لە نێو نائارامی ناو سوریا جارێکی دێکە داعش بە شێوازێکی دیکە بۆ ناوچە ئازادکراوەکان بگەڕێتەوە.

XS
SM
MD
LG