Accessibility links

لە هێرشێکدا بە چەقۆ لە سیدنی 6 کەس دەکوژرێن


پۆلیس دەڵێت کەسێک لە مۆڵی بۆندی لە سیدنی لە هێرشێکدا بە چەقۆ شەش کەسی کوشتووە و دواتر لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە، سەدان کەسیش لە شوێنەکە هەڵاتوون.

پۆلیس لە بەیاننامەیەکدا وتی هێرشبەرەکە لەلایەن ئەفسەرێکی پۆلیسەوە کوژراوە، ئەوەش دوای ئەوەی هێرشبەرەکە لە مۆڵەکەدا هێرشی کردووەتە سەر خەڵکەکە.

کۆمسیاری پۆلیسی نیو ساوث وەیڵز کارین وێب لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی پێنج لەو کەسانەی کە کوژراون ژن بوون، هەشت کەسی دیکە کە کۆرپەیەکی تەمەن نۆ مانگیشییان تێدا بووە بریندار بوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

وێب وتی پۆلیس لەم قۆناغەدا پێی وانیە هێرشەکە پەیوەندی بە تیرۆرەوە هەبووبێت.

سەرۆکوەزیرانی ئوستڕاڵیا ئەنتۆنی ئەلبانیس وتی هێشتا هیچ ئاماژەیەک نیە لەسەر پاڵنەری هێرشبەرەکە.

ئەلبانیس بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەمە کارێکی ترسناکی توندوتیژی بووە، بەبێ جیاکاری خەڵکی بێتاوانی کردە ئامانج کە لە ڕۆژێکی شەممەی ئاسایی خۆیاندا بوون و خەریکی بازاڕکردن بوون."

ئوستڕاڵیا کە ژمارەی دانیشتووەکەی نزیکەی 26 ملیۆن کەسە، یەکێکە لەو وڵاتانەی کە توندترین یاسای هەیە بۆ چەک و چەقۆ، هێرشی لەم شێوەیەش لەو وڵاتەدا دەگمەنە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG