Accessibility links

سویسرا: 90 وڵات و لایەن ئامادەی کۆنفرانسی ئاشتی ئۆکرانیا دەبن


ڕۆژی دووشەممە سویسرا ڕایگەیاند 90 وڵات و ڕێکخراو ئامادەی کۆنفرانسە دوو ڕۆژەییەکەی ئاشتی ئۆکرانیا دەبن لە وڵاتەکەدا کە بڕیارە ڕۆژی شەممە دەستپێبکات.

حکومەتی سویسرا وتی نیوەی ئەو وڵاتانە، وڵاتانی ئەوروپان و بەشدارییەکی بەرفراوانی جیهانی گرنگە بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەیەک بە پشتیوانییەکی بەرفراوانەوە.

وتیشی ئامانج لە کۆنفڕانسی ئاشتی ئەوەیە کە ببێتە سەکۆیەک بۆ تاوتوێکردنی ڕێگاکان بۆ بە دەستهێنانی " ئاشتییەکی گشتگیر و دادپەروەرانە و هەمیشەیی بۆ ئۆکرانیا کە لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت." هەروەها وەکو کارکردنێک لە چوارچێوەیەکدا بۆ جێبەجێکردنی پلانی ئاشتی و چۆنێتی بەشداریپێکردنی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە پڕۆسەیەکی ئاشتیدا.

سویسرا لەسەر داوای سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی میوانداری کۆنفڕانسەکە دەکات، بەڵام ڕووسیا بەشداری ناکات.

ڕووسیا ڕەخنەی لە پڕۆسەکە گرتووە و وتوویەتی تەنها لە کاتێکدا بەشدار دەبێت لە پڕۆسەی ئاشتیدا کاتێک دۆخی ڕاستەقینەی سەر خاکەکە لە بەرچاو بگیردرێت، لەوانەش دەستکەوتەکانی ڕووسیا لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا.

زێلێنسکی داوای کردووە هێزەکانی ڕووسیا لە سەرجەم ناوچەکانی ئۆکرانیا بکشێنەوە.

لەلایەکی دیکەوە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جەیک سۆلیڤان وتی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر خارکیڤ " بەربەستییان هاتووەتە بەردەم " دوای ئەوەی ئەمەریکا ڕێگەی بە ئۆکرانیادا چەکە ئەمەریکاییەکان بە شێوەیەکی سنووردار بەکاربهێنێت بۆ لێدانی ئامانجەکان لە ناو ڕووسیادا.

وتی " خارکیڤ هێشتا لە ژێر مەترسیدایە، بەڵام ڕووسیاییەکان نەیانتوانیوە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا لەسەر خاکەکە لەو ناوچەیەدا بەرەوپێشەوە بچن."

سۆلیڤان وتی ئەمەریکا ڕێگەی بە ئۆکرانیا داوە هەندێک لە چەکە ئەمەریکاییەکان بەکاربهێنێت بۆ بەرگریکردن لە هەرێمی خارکیڤ کە سنووری بە ڕووسیاوەیە، ئەمەش سەرەڕای نیگەرانییەکانی پێشوو لەسەر ئەوەی ئەو جۆرە هێرشانە ڕەنگە هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕابکێشێتە ناو ململانێیەکی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ ڕووسیادا.

هاوپەیمانەکانی ناتۆ، لەوانەش فەڕەنسا و ئەڵمانیا، شوێنپێی ئەمەریکایان هەڵگرت و ڕێگەیان بە ئۆکرانیادا چەکە ڕۆژئاواییەکان لە هێرشەکانییاندا لە خارکیڤەوە بۆ ئەودیوی سنوورەکەی ڕووسیا بەکاربهێنن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG