Accessibility links

سویسرا 4 کەس بە گومانی پەیوەست بە تێرۆر دەسـتگیردەکات


کاربەدەسـتانی سویسرا دەڵێن لەم مانگە 4 کەسیان دەسـتگیرکردووە پاش ئەوەی گومانیان لێکراوە پەیوەندیـیان بە ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکانی وەکو داعشەوە هەبووبێت.

ئۆفیسی داواکاری گشتی سویسرا ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی هەردوو ڕۆژی هەینی و شەممەی ڕابردوو سێ لەو چوار کەسە لە کانتۆنی ڤود لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە دەستگیرکران بە گومانی پـێشێلکردنی ئەو یاسایەی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکانی وەکو قاعیدە و داعش بە تاوان دادەنێت. هەروەها گومانیان لێدەکرێت سەر بە ڕێکخراوی تاوانکاریش بن.

کەسی چوارەم کە شۆفێری تاکسی بوو لە جنێڤ، 14 ی ئەم مانگە دەستگیرکرا بە تۆمەتی ڕاکێشانی خەڵکی بۆ ناو داعش. پـۆلیس دەڵێت هیچ بەڵگەیەکی ڕوون نیـیە بیسەلمێنێت ئەم کەسە پەیوەندی بە سێ کەسەکەی دیکەوە هەبووبێت.

دەسەڵاتدارانی سویسرا ناسنامە و ڕەگەزنامەی ئەم دەسـتگیرکراوانەی ئاشکرا نەکرد، بەڵام گوتیان هەموویان پـیاون. هەروەها ڕەتیانکردەوە تەقەمەنیان پـێگیرابێت وەکو لە چەند ڕاپـۆرتێـک باسکرابوو.

داواکاری گشتی ئەوەشی ئاشکراکرد کە لە ئێستادا دەسەڵاتداران لێکۆڵینەوە لە 60 کەیسی پەیوەست بە تێرۆرەوە دەکەن کە زۆربەیان پەیوەندیـیان بە پـرۆپاگەندە بۆ توندڕەوان هەیە لەسەر ئنتەرنێت.

XS
SM
MD
LG