Accessibility links

سەرۆک وەزیری سوید: ڕووداوەکەی ستۆکهۆڵم هێرشی تێرۆرستی بووە


ئۆتۆمبیلێـکی بارهەڵگری گەورە خەڵکی لە بەردەم بازاڕێـکی ناوەڕاستی ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید کردووە بە ژێرەوە و پاشان خۆی بە نێو بازاڕەکەدا کردووە.

ستیفان لوێڤێن سەرۆک وەزیری سوید ئەمڕۆ هەینی لە پاش ڕووداوەکە گوتی سوید هێرشی کراوەتەسەر و هەموو نیشانەکان ئاماژە بەوە دەکەن هێرشێـکی تێرۆرستی بووە.

بەپـێی دوایـین ئاماری قوربانیـیەکان 4 کەس گیانیان لەدەسـتداوە و 12 کەسی دیکە برینداربوون، برینی هەندێـکیان قورسە.

لە ئێستادا جادەکانی نزیک لە شوێنی ڕووداوەکە و وێستگەیەکی میترۆی ناوچەکە لە لایەن هێزەکانی پـۆلیسەوە داخراون.

خانمە گوتەبێژێـکی کۆمپانیای خاوەنی ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەکە بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی ئاشکراکرد ئەم ئۆتۆمبیلەیان دزراوە لەو کاتەی باری بۆ ڕێستورانتێـک بردبوو.

میدیاکانی سوید باس لەوە دەکەن پـۆلیس کەسێـکی لە باکوری ستۆکهۆڵم دەسـتگیرکردووە کە بە سووکی برینداربووە. دەڵێن دانی ناوە بەوەی ئەنجامدەری هێرشەکەیە.

XS
SM
MD
LG