ئەنجامدەری هێرشەکەی ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، ئەوەی هەفتەی ڕابردوو بە ئۆتۆمبیلێـکی بارهەڵگر خەڵکی لە جادەیەکی قەرەباڵغ کرد بە ژێرەوە، دانی ناوە بەوەی کارێکی تێرۆرستی کردبوو.
ڕەحمەت عەقیلۆڤی ئوزبەکی تەمەن 39 ساڵ ئەمڕۆ سێشەممە لە بەردەمی دادگایەکی ستۆکهۆڵم دانی بە تاوانەکەیدا نا.
عەقیلۆڤ ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە یەکێـک لە جادە قەرەباڵغەکانی ستۆکهۆڵم بە ئۆتۆمبیلێـکی بارهەڵگر 20 کەسی کرد بە ژێرەوە. لەو بیست کەسە 4 کەسیان گیانیان لەدەسـتدا کە یەکێـکیان کچێـکی 11 ساڵ بوو. ئەوانی دیکە برینداربوون و هێشتا 8 کەسیان لە نەخۆشخانە ماونەتەوە و دووانیان باری تەندروستیان خراپە.
یۆهان ئریکسۆن پارێزەرەی عەقیلۆڤ دەڵێت ناوبراو لە بەردەمی دادوەر دانی بە تاوانەکەی ناوە و قایل بووە لە زینداندا بهێڵرێتەوە. گوتیشی بە دادگاکەی گوتووە چی وەهای لێکردبوو ئەو هێرشە ئەنجام بدات، بەڵام پارێزەرەکە ئامادە نەبوو بۆ میدیاکانی ئاشکرابکات.
عەقیلۆڤ پـێشتر داوای کردبوو پارێزەرەکەی بۆ کەسێکی موسڵمانی سووننە بگۆڕن، بەڵام دەزگای دادوەری داواکەی ڕەتکردەوە بەهۆی نەبوونی هیچ هۆکارێـکی گونجاوە.
بەپـێی هەردوو ڕۆژنامەی ئاڤتونبلادت و ئاکپرسن، سەرچاوەی نزیک لە لێکۆڵینەوەکان گوتویانە عەقیلۆڤ لە میانەی لێکۆڵینەوەکاندا گوتویەتی هێرشەکەی لەسەر فەرمانی داعش کردبوو.
ئەگەر بێت و دادگا سزای بەسەردا بسەپێنێت، ئەوا ڕەنگە بۆ هەتاهەتایە زیندانی دەکرێت. ناوبراو خێزانی هەیە و خاوەنی 4 منداڵە و هەموویان لە ئوزبەکستانن.