Accessibility links

حیزبی فەرمانڕەوای سوید بەم نزیکانە بڕیار لەسەر هاوپەیمانێتی ناتۆ دەدات


سەرۆک وەزیری سوید ماگدالینا ئاندەرسن
سەرۆک وەزیری سوید ماگدالینا ئاندەرسن

حیزبی سۆشیاڵ دیموکراتی فەرمانڕەوای سوید وتی حیزبەکە لە 15 ی مانگی پێنجدا بڕیار لەسەر ئەوە دەدات ئایا بچێتە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆوە یاخود بەردەوام بێت لە پەیڕەویکردنی سیاسەتە درێژخایەنەکەی خۆی و نەچێتە پاڵ هیچ هاوپەیمانێتییەکی سەربازییەوە.

سوید و فینلەندا لە هیچ هاوپەیمانێتییەکی سەربازییدا نین، بەڵام داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا ناچاریکردوون پێداچوونەوە بەو سیاسەتەیاندا بکەن. پێشبینی دەکرێت لەم هەفتەیەدا سەرۆکی فینلەندا پشتیوانی خۆی بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕابگەیەنێت.

سکرتێری حیزبی سۆشیاڵ دیموکراتی سوید تۆبیاس بۆدین بە ڕادیۆی گشتی ئێس ئاڕی سویدی وت " بڕیارەکە هەرچییەک بێت هێشتا نەدراوە. پەیامەکەمان ئەوەیە کە لە 15 ی مانگی پێنجدا سەرکردایەتی حیزبەکە بڕیارێک دەردەکەن."

لە ماوەی 100 ساڵی ڕابردوودا حیزبی سۆشیاڵ دیموکرات گەورەترین حیزب بووە لە سویددا و لەم هەفتەیەدا سێ کۆبوونەوە ئەنجام دەدات تاوەکو بۆچوونی ئەندامانی حیزبەکە وەربگرێت سەبارەت بە چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆوە.

هاوکات پەرلەمانی سوید پێداچوونەوە بە سیاسەتی ئاسایشی وڵاتەکەدا دەکات و بڕیارە لە 13 ی مانگی پێنجدا ڕاپۆرتێک لەسەر بابەتەکە بڵاوبکاتەوە.

سەرۆک وەزیری سوید ماگدالینا ئاندەرسن وتی " دەمەوێت ئەو ڕاپۆرتەم لەبەردەستدا بێت کاتێک بڕیار دەدەم."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG