Accessibility links

سوید: ستراتیژی بەرگری سوید لە مەترسیدایە ئەگەر داواکارییەکانی ڕوسیا جێبەجێ بکرێن


فەرماندەی باڵای سەربازیی سوید دەڵێت ئەگەر هاوپەیمانێتی ناتۆ داواکارییەکانی ڕوسیا جێبەجێ بکات ئەوا ستراتیژی ئاسایشی سوید دەکەوێتە مەترسییەوە، ڕوسیا داوایکردووە ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا فراوان نەبێت و هەندێک لە چالاکییەکانی لە ئەوروپا ڕابگرێت.

ڕوسیا ژمارەی هێزەکانی لەسەر سنووری ئۆکرانیا زیادکردووە و ئەمەش وڵاتانی ڕۆژئاوای نیگەران کردووە. ڕەتیشی دەکاتەوە ئامادەکاری بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا بکات، بەڵام کۆمەڵێک داوای لە ڕۆژئاوا کردووە، لەوانەش ڕاگرتنی فراوانبوونی هاوپەیمانێتی ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا.

داواکانی ڕوسیا ئەو وڵاتانەی ئەوروپای نیگەران کردووە کە ئەندامی هاوپەیمانێتی ناتۆ نین، لەوانەش سوید کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناتۆدا پتەوکردووە و نایەوێت پەیوەندییەکانی بخرێنە ناو چوارچێوەیەکەوە، تەنانەت لەکاتێکیشدا کە ئێستا پلانی نیە ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتیەکەدا.

جەنەڕاڵ میکال بیدین بە ڕۆژنامەی داگینس نیهیتێریوی وت " داواکارییەکان بۆ شێوازێکی نوێی ئاسایش دەبێتە هۆی لەناوبردنی بناغەی پێکهاتەی سیاسەتی ئاسایشمان."

وتی " ئامانجمان ئەوەیە بەرگریمان بەهێزتر بکەین بە هەموو شێوازەکانیەوە و پەرە بە بەرگرییەکی گشتی بدەین. بەڵام ئەوە بەندە بە گەشەکردنی هاریکارییە نێودەوڵەتیەکانەوە."

حکومەتی سوید هەوڵە دیبلۆماتیەکانی زیادکردووە، لەکاتێکدا وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە ئان لیند لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکادا کۆدەبێتەوە و سەرۆک وەزیری وڵاتەکەش ماگدالینا ئاندەرسن ڕۆژی هەینی لەگەڵ سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگدا کۆدەبێتەوە.

ئاندەرسن دوابەدوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی فینلەندا ساولی نینسیتۆدا وتی شێوازی ئاسایشی ئەوروپا جێی قسە لەسەرکردن نیە. وتی " لە سوید ئێمە خۆمان بڕیار لەسەر سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی خۆمان دەدەین و خۆمان بڕیار دەدەین لەگەڵ کێدا هاریکاریی بکەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG