Accessibility links

سەرۆک وەزیری سوید داواکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕەت دەکاتەوە


سەرۆک وەزیری سوید ماگدالینا ئاندەرسن
سەرۆک وەزیری سوید ماگدالینا ئاندەرسن

سەرۆک وەزیری سوید ماگدالینا ئاندەرسن داواکانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی ڕەت کردەوە بۆ تاوتوێکردنی چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ، وتی لە ئێستادا داواکردن بۆ بوون بە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ دەبێتە هۆی خستنەوەی ناسەقامگیری زیاتر لە ئەوروپادا.

جێی ئاماژەیە لە ساڵی 1814 ەوە سوید نەچۆتە هیچ جەنگێکەوە و سیاسەتی دەرەوەی لەسەر ئەوە داناوە کە نەچێتە هیچ هاوپەیمانێتیەکی سەربازییەوە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ناتۆدا دروست کردووە لەکاتێکدا کە گرژییەکانی نێوان ناوچەی باڵتیک و ڕووسیا زیادییانکرد.

ئاندەرسن بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئەگەر سوید لەم بارودۆخەی ئێستادا داوایەک پێشکەشی ناتۆ بکات بۆ بوون بە ئەندام لە هاوپەیمانێتیەکەدا، ئەوا دەبێتە هۆی ناسەقامگیرترکردنی ئەم ناوچەیەی ئەوروپا و زیادکردنی گرژییەکان."

وتی " لەم ماوەیەدا ڕوون بووم لە وتنی ئەوەدا کە چی شتێک باشترینە بۆ ئاسایشی سوید و ئاسایشی ئەم ناوچەیەی ئەوروپا، ئەوەش ئەوەیە حکومەتی سوید ماوەیەکی زۆرە پەیڕەوی سیاسەتێکی بەردەوام و پێشبینی کراو دەکات و لە ئێستاشدا من بڕوام بەو سیاسەتە هەیە."

ڕووسیا نایەوێت سوید و فینلەندا ببنە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، مانگی ڕابردوو مۆسکۆ هۆشداریدا لەسەر ئەو بابەتە و وتی " ئەگەر ئەوە ڕووبدات ئەوا دەرەنجامێکی قورسی سەربازیی و سیاسیی لێدەکەوێتەوە."

لێدوانەکانی ئاندەرسن دوای کۆبوونەوەکەی هات لەگەڵ ڕابەرانی حیزبی ئۆپۆزسیۆنی سوید کە تیایدا تاوتوێی خراپبوونی ڕەوشی ئاسایشی ناوچەکەیان کرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG